KurdistanPress...

CLOSE

وەزارەتی کارەبا: مانگی ئادار رۆژانە زیاتر لە 16 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدرێت

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگی شوبات رۆژانە 16 کاژێر کارەبای نیشتمانی دراوە، بەڵام لە مانگی ئاداردا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما خواستی هاونیشتمانیان لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە، بەو هۆیەوە کاژێرەکانی کارەبا زیاد دەکەن و مانگی ئادار رۆژانە 16 تاوەکو 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاونیشتمانیان دەدرێت.

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ملیۆنێك و 670 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. ئومێد ئەحمەد دەڵێت، ئێستا رۆژانە 3650 بۆ 3800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.

سەبارەت بە پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت بە هەردوو کۆمپانیاکانی کار و قەیوان، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوە کرد، "نرخی کارەبا ناگۆڕدرێت، ئەوەی روویداوە بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بووە و نرخی کارەبا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت و زیاد ناکرێت".

رۆژی 1ی شوباتی 2021 گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، نرخی کارەبای نیشتمانییان بە رێژەی 20% زیادکردووە، هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی نرخی دیناری عێراقی گەڕاندەوە.
 
ئومێد ئەحمەد گوتیشی "بەم زیادکردنە نزیکەی 20%ی زیانەکانی دابەزینی نرخی دینار قەرەبوو دەکاتەوە، ئەمەشی کە کراوە زیادکردنی نرخ نییە، بەڵکو راستکردنەوەی ئەو دۆخەیە کە بەهۆی دابەزینی نرخی دینارەوە دروستبووە". بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا، زیادبوونەکە هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی دەگرێتەوە بە شوێنە بازرگانی، حکومی، کشتوکاڵی و ماڵانیشەوە.

پێشتر وەزارەتی کارەبا بۆ بەکارهێنانی (1-450) کیلۆوات کارەبا، بۆ هەر کیلۆواتێک 15 دیناری لە هاوبەشەکانی وەردەگرت، بەڵام ئێستا بۆ هەر کیلۆواتێک کارەبا 18 دینار وەردەگرێت. هەرچەند بەکارهێنانەکە لەو بڕە زیاتر بێت، نرخەکەشی زیاتر دەبێت.
 
نرخی یەک کیلۆوات کارەبا بۆ شوێنە بازرگانییەکان 157 دینارە، کە پێشتر 130 دینار بوو، نرخی یەک کیلۆواتی کارەبای فەرمانگەکانی حکومەت بۆ 181 دینار زیادکراوە، کە پێشتر 150 دینار بووە. هەروەهابۆ پرۆژەکانی کشتوکاڵیش 36 دینارە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه