فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریستییانە دەکات کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی لە باکوری هەولێر کردە ئامانج و زیانی مادی لێ کەوتەوە.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن گرووپە لە یاسادەرچووەکان بە شتێکی قبوڵنەکراو و پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنێن کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەلامەتیی هاووڵاتییانی دەکاتە ئامانج، هەروەها ئاماژەیە بۆ لاوازیی حکوومەتی فیدراڵی لە مامەڵەکردنی رژد و یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا، کە پاڵپشتی داراییان بۆ دابین دەکرێت و چەکدار دەکرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت سەقامگیری هەبێت
فراکسیۆنی پارتی لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی ''داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، هەنگاوی خێرا و بەپەلە بگرێتەبەر، ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە و ئەوانەی هاوکارییان دەکەن ڕابگرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق بکات، و لێکۆڵینەوە بکات لە شوێنی ئاڕاسەتەکردنی ئەو فڕۆکە بۆمبڕێژکراوانە و شێوازی هاوردەکردنیان و ئەو لایەنانەی کە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەم فڕۆکانە پڕچەک دەکەن.''
ھەرێمی کوردستان بە سەرسەختی دەمێنێتەوە بەرانبەر بەو کەسانەی کە ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی دەدەن و مەترسی لەسەر سەلامەتی ھاووڵاتیان دروست دەکەن و فراکسیۆنەکە پێداگریشی کردووە کە ئەم هەنگاوانە کە بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی پڕشکۆن، هەرگیز سەرکەوتوو نابن
وەڵام بدەوه