وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە راگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوەدەدات، سەرجەم رێککارەکانی ناردنی 50 ملیۆن لیتری نەوتی سپییان جێبەجێ کردووە و بەغدا رەزامەندی لەسەر ناردنی داوە، داواشکراوە نرخی پێدانی هەر بەرمیلێک نەوت 30 هەزار دینار بێت.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد کە هەریەکە لە پارێزگاری هەولێر، پارێزگاری سلێمانی، نوێنەری پارێزگارەکانی دهۆک و هەڵەبجە، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، سۆران، راپەڕین و زاخۆ ئامادەبوون، لەو کۆبوونەوەیە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ خێرا دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە لە عێراقەوە بێت تاوتوێ کرا.
بە گوێرەی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەموو رێککارەکانی هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواو کراون، کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ هەرێمی کوردستان داوە، لەگەڵ گەیشتنیدا رێککارەکانی دابەشکردن دەستپێدەکەن.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو رێککەوتی 20-12-2023، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا بە دیاریکردنی بڕی 250 دیناری عێراقی بۆ هەر لیترێک، واتا نرخی پاڵپشتیکراوی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دابەشکردنی نەوت بریتییە لە 50 هەزار دینار لەبەرامبەر 200 لیتر نەوتی سپی، لەگەڵ تێچووی گواستنەوەکەی هەر بەرمیلێک زیاتر لە 60 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاڤامیدیای راگەیاند، "ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێچەوانەی دەستوورە و لە دادگەی فیدراڵی سکاڵام تۆمارکردووە، چونکە دەبێت نرخی پێدانی نەوت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاوتای پارێزگاکانی دیکەی عێراق بێت."
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە سکاڵاکەی داوایکردووە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە تێچووی گواستنەوەیەوە 30 هەزار دیناری عێراقی بێت.
وەڵام بدەوه