وەزیری پەروەردە ڕای گەیاند، بایكۆتی مامۆستایان كاریگەریی هەبووە لەسەر پرۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانەی دەوامیان نەكردووە، بەڵام خوێندنی ئەمساڵ دوا ناخرێت. گوتیشی هیوادارم مامۆستایانی بەڕێزی ئەو دەڤەرانە دەست بكەنەوە بە پرۆسەی خوێندن.
ئەمڕۆ یەكشەم ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی بایكۆتكردنی دەوام لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین زۆر دواكەوتن لە كردنەوەی قوتابخانەكان، ئومێدەوارین مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن و دەست بكەنەوە بە خوێندن، چونكە كاتێكی زۆر ڕۆیشتووە.
ڕوونی كردەوە، بایكۆتەكە تەنیا كاریگەریی لەسەر خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە كە دەوامیان نەكردووە، دەستپێنەكردنی دەوام كاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە و پێوەندیی بە ناوچەكانی ترەوە نییە كە دەوام دەكەن، بۆیە ساڵی خوێندن دوا ناخرێت .
وەزیری پەروەردە لەگەڵ دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی بۆ داواكارییە یاسایی و ڕەواكانی مامۆستایانە، بەڵام بەرپرسیارێتی دواكەوتنی مووچەی خستە ئەستۆی حكوومەتی عێراق و گوتی: "عێراق هۆكاری سەرەكییە، تا حكوومەتی هەرێم داهاتی لە بەردەستدا بوو، هەموو مانگەكان مووچەی بە مووچەخۆران داوە، ئەم كێشانە دوای سەرهەڵدانی نەمانی داهات هاتنە گۆڕێ.
وەرزی یەكەمی خوێندن لە كۆتاییەكانیدایە و هێشتا هیچ قوتابخانەیەكی سنووری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەرین دەوامیان دەست پێ نەكردووە، بۆیە ئەم كێشەیە تا ئێستەش بەردەوامە و هیچ چارەسەرێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە
وەڵام بدەوه