ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نیسانی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمیی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بریتانیا و پێشوازیکردنیان لە ئاستێکی باڵا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری و وزە و بازرگانی و پەروەردە و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە خستە روو.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای دیکەی بریتانیا، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پشتیوانیکردن و ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا، بەو ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی راسپارد کە بەپێی تایبەتمەندی، بەدواداچوونی پێویست بکەن بۆ ئەو دۆسیانەی لەو سەردانە فەرمییە بۆ بریتانیا گفتوگۆیان لەسەر کرا و بۆ ئەو مەبەستەش، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راسپێردران بۆ کاری هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکان و بەدواداچوون بە ئاراستەی سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی دەرئەنجامی ئەو سەردانە فەراهەم بوون بۆ هەرێمی کوردستان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەیاسای (دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان) کە ئامانج لێی، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە رێگەی دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانی وەزارەت دەبن بۆ هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لەپێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی لە رێگەی رێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانەبەخشین و پشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و برەودان بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێم، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساکەدا بکرێت و لەبەر رۆشنایی ئەو سەرنج و تێبینییانەی خرانە روو، ئامادە بکرێت بۆ دەنگدان لە سەری لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە رووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان و پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا و پڕۆژەکانی کارەبا بەتایبەت کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی هاوین کە لە لایەن کەمال ساڵح، وەزیری کارەبا راپۆرتێک خرایە روو، کە تێیدا کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو بە مێگاوات لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەسەر شارەکان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری کارەبا روون کردەوە. لە کۆتاییشدا بەربەستەکانی بەردەم وەزارەتی خستە روو لەگەڵ پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەکردنیان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی سامانەسروشتیەکان، پلاندانان، دارایی و ئابووری و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی راسپارد کە هەماهەنگيی پێویست بکەن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا.
لە دوابڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، بڕیار درا هەفتەی داهاتوو رێککەوتی 1-5 تا 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
وەڵام بدەوه