Kurdistan Press - سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە کە لە بەرزترین ئاستی ووڵاتاندا مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ دەکرێت سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە کە لە بەرزترین ئاستی ووڵاتاندا مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ دەکرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە کە لە بەرزترین ئاستی ووڵاتاندا مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ دەکرێت

لەدرێژەی کاروچالاکی و سەرەدانییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەت کە پێکهاتبوون لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند وەزیرێکی دیکە، سەرەدانێکی چەند ڕۆژی بۆ شانشینی بەریتانیا ئەنجامدا. لە درێژەی ئەم سەرەدانەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شاندەکەی، چاویان کەوت بە چەند بەرپرسێکی ئەو ووڵاتە لە ئاستی باڵادا بۆ تاوتوێکردنی پرسی ووزە و پەروەردە و تەندرووستی و ئابووری و بازرگانی و ئەمنی و چەندین تەوەری گرنگی دیکە.
بۆ ئەم مەبەستە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی کوردستان-تیڤی لە ڕێگای سکایپ ئەنجامدا. لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا سەفین دزەیی ڕوونیکردەوە کەوا: هەرێمی کوردستان دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆی نییە، بەڵکوو لەچوارچێوەی عێراقدا کاری دیپلۆماسی و پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکانی ڕێکدەخات. هەر لەو سۆنگەیەوە وەکوو هەرێمێکی فیدڕاڵی لە عێراقێکی پڕ کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوییندا، هەرێمی کوردستان توانیوێتی پەرە بەکاری دیپلۆماسی و پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکانی بدات و لە بەرزترین ئاستدا سەرەدانی ووڵاتان بکات و هەروەها لە بەرزترین ئاستدا پێشوازی لە شاندە فەرمییەکان بکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە کە لە بەرزترین ئاستی ووڵاتاندا مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ دەکرێت. هەربۆیە دەبێت لەم ڕووەوە بابەتییانە شڕۆڤە و  هەڵسەنگاندنەکان ڕەچاوبکرێن و لە نرخ و ئەرزشییان کەمنەکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە بابەتەکانی دوا سەرەدانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا کرد و ووتی: لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا باسمان لە چەند تەوەرێک کرد، لەوانە بابەتی ووزە، پەروەردە و تەندرووستی، ئەمن و ئاسایش، ئاڵوگۆڕکردنی ئابوور و بازرگانی، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، کابینەی داهاتووی عێراق، دووبارەسەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە و چەندین پرسی گرنگی دیکە کە جێی بایەخی هەرێمی کوردستان و شانشینی بەریتانیا بوون.
دووپاتییانکردەوە: لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەدانی بەریتانیای کرد کە ئەو کات بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و سەرەدانەکە جیا بوو لەوەی ئێستا. سەرەدانی حکومەت زیاتر تایبەت بوو بە گفتوگۆیکانی حکومەت و بابەتەکانی پەیوەستن بە حکومەت. هەروەها سەبارەت بە غازی سرووشتی گووتی: لێرە و لەوێ و لە زۆر لایەنەوە تەفسیر و شڕۆڤەی جودا جودا بۆ غازی سرووشتی هەرێم دەکەن و بە جێگرەوەی غازی ووڵاتانی دیکە ناوی دەبەن، ئەمە لە ڕاستیدا بوونی نییە. لە ئێستادا، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە کە پێداویستی ناوخۆی هەرێم و عێراق بۆ غاز پڕ بکاتەوە و وێستگە کارەباییەکان کە لە ئێستادا ٥٠% بە غاز ئیشدەکەن، پلانمان ئەوەیە کە لە داهاتوودا بیکەینە ١٠٠%. پاش پڕکردنەوەی پێداویستییەکان، دەکرێ بیر لە هەناردەکردنی غازی سرووشتی بکرێتەوە، بەو مانایەی کە ببینە فرۆشیاری غاز، نەوەک جێگرەوەی ووڵاتانی دیکەی هەناردەکار.
لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت و غازدا بۆ بەغدا ناگەڕێتەوە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گووتی: هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای نەوت وغازی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گرێبەست و کارەکانی خۆی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بە قەبارەی جیا جیا ئەنجامداوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ. لە ئەگەری درووستبوونی هەر کێشە و گیروگرفتێکدا، پێویستە بۆ یاسا و دەستوور بگەڕێنیەوە و لەسەر ئەو بنەمایانە چارەسەرییان بکەین.
لە تەوەرێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، بەڕێز دزەیی گووتی: سەرەدانەکەمان بۆ بەریتانیا لەسەر ئاستی حکومەتانی هەردوولا فەرمی-حکومی بوو و ناکرێت بە سەرەدانێکی حزبی لێکدانەوەی بۆ بکرێت، چونکە هەموو پێکهاتەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەدا بەشداربوون.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختیکردەوە کەوا: حکومەتی بەریتانیا بە پەرۆشەوە چاوی لەسەر هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانییەتی و جەخت لەسەر چاکسازی وپەرەپێدانی ئابووری و پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ووڵاتان دەکاتەوە و دەیەوێت، هەرێمێکی بەهێز لە عێراقێکی فیدراڵیدا هەبێت لەچوارچێوەی دەستووری عێراقیدا. سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کە لەم دواییەدا لە دژی حکومەتی هەرێمدا درا، بەریتانیا دەیەوێت کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن و ڕێز لە یاسا و دەستوور بگیرێت.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراقدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەم شێوەیە دووا: تورکیا لە ڕابردووش لە دەیەی هەشتاکان و دەیەی نۆهەدەکاندا بەر لە درووستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەیان هەبووە بە ئاگاداری حکومەتی عێراق لە دژی پەکەکە و پەکەکەش هۆکاری درووستبوونی ئەو پەشێوی و ماڵوێرانییەی ئەو ناوچانەیە کە شەڕی ناو تورکیای گواستۆتەوە ناو خاکی ئێمە. لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە پەشێوی ئەو ناوچانە، کە هاووڵاتییان چەندین زەرەر و زیانییان بەرکەوتووە لە سووتان و چۆڵکردنی گوند و خانوو و ڕەز و باخچەکانییان. هیوادارین زوو یان درەنگ بە ڕێگای دیالۆگ و مێزی گفتوگۆ، پەکەکە و تورکیا بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بە کێشەی نێوانییان بێنن و کووشتیار و کووشتارگە چیدیکە ڕوونەدات.
لە دوا تەوەردا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەبارەت بە دۆخی ئاییندەی سیاسی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دەسنیشانکردنی سەرۆککۆماری عێراقدا ووتی: ئەم بابەتانە پەیوەندی بەڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و پێكهاتەکان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە کە کورد بە یەک دەنگ و بە یەک ڕەنگ بڕۆنە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی کورد بپارێزن لە بەرمابەر پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و لەو بڕوایەشین کە ئاییندە گەشە بە هەوڵ و تەقەللای هەموو لایەک.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه