Kurdistan Press - مەسرور بارزانی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە مەسرور بارزانی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەسرور بارزانی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە

مه‌سرور بارزانی، له‌ كۆنفرانسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان، ڕایگه‌یاند: هەرێمی كوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتی دەكرێت و هەوڵی لاوازكردنی دەدرێت كە یەكێك لە شێوازە مەترسیدارەكان ماددە هۆشبەرەكانن و یەكێكە لەو چەكانەی كە بە شارەزا و ئاشكرا بۆ مەبەستی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەكەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستیی گەنجەكانمان بەكار دەهێندرێت، بۆیە دەبێت بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، چونكە هەڕەشە و مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ڕاشیگه‌یاند: مافیاكان و بازرگانە تاوانبارەكان، هەرێمیان كردووه‌تە بەشێك لە پیلانە نەگریسەكانیان، هەوڵدەدەن و كار دەكەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵكەوتەی جوگرافیی هەرێمی كوردستان وەربگرن وەك دەروازەیەك بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەكان بۆ شوێنەكانی تر. بۆ ئەم مەبەستەش رێگە و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنە بەر بۆ بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان. ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی لە هەرێمەكەمان ژمارەی ئاڵوودەبوان لە هەڵكشاندا بێت.

بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناكانیان، بەردەوام بن لە ئەركی پیرۆزی خۆیان و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پیلانە مەترسیدارەكانیان سەر بگرێت. پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین كە بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچەكانی ماددەی 140، واتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان لەو ناوچانە هۆكاری ناسەقامگیرین و ڕێگریش دەكەن لەوەی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان ببنەوە، بگرە بەداخەوە كە هەندێك لەو گرووپە چەكدارانە خۆیان بەشێكن لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان.

هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكیان چڕ كردۆتەوە بۆ دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان، كە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنیان لەم ئەركە پیرۆزەدا بۆ دەخوازم، هەموو پشتیوانییەكی خۆم و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ دووپات دەكەمەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی هەموو چین و توێژ و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، بە هاوكاریی وڵاتانی هاوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كار بكەن لە پێناو ئەوەی سەرچاوەكانی ئەو پەتایە وشك بكرێت، چونكە ئەمە پێویستیی بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەكان هەیە. ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانمان پێكهێناوە كە ژمارەیەك وەزارەت و دامودەزگای پەیوەندیداری تێدایە. لە هەمان كاتدا سندووقێكیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبوان و ئاڵوودەبوانی ماددەی هۆشبەر دروست كراوە. لە لایەكی دیكەوە لە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، بەشێك تایبەت كراوە بەو راسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان). بەستنی ئەم كۆنفرانسەش بەشێكە لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی راسپاردەكانی ئەم پلانە بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگایەك و خێراكردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی كە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە ڕێگەی دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه