بەڵێندەرێكی بە نەتەوە عەرەب لە شاری سلێمانی فێڵ لە دەیان كەس دەكات و نزیكەی یەك ملیار دنیاری ئەو كەسانە دەبات.
ئەو كەسانەی كە فێڵیان لێكراوە، روونكردنەوەیەكیان بۆ رای گشتیی كوردستان بڵاو كردووەتەوە و تیایدا ئاماژەیان بە ئەوە داوە كە بەڵێندەرێکی عەرەب بە ناوی فەواز فەرحان مونسی (ناسراو بە ئەبو مستەفا) کە ئێستا لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە، پارەی دەیان كەسی دانیشتووی شاری سلێمانی خواردووە ئەمەش بە بیانووی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی خانوو بەڵام فێڵی لێ كردوون نە خانووی بۆ دروست كردوون نە پارەكەشی بۆیان گەڕاندووەتەوە.
ئەو كەسانە لە روونكردنەوەكەدا ئاماژەیان ب ئەوە داوە كە بڕی ئەو پارەیەی كە بەڵێندەرە عەرەبە لێی بردوون زیاترە لە یەك ملیار دینار كە سەرجەم ئەو كەسانەشی كە فێڵیان لێ كراوە دانیشتووی شاری سلێمانین.
ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە ئەبو مستەفا، جگە لەوەی پارەی خانووەکانی خواردووە، هاوکات ئەو کرێکار و کاسبکارانەشی کە هێناویەتی بۆ ئەوەی بەشێکی كارەكانیان پێ بکات، بە قەرز هێناونی و پارەی بە کەسیان نەداوە، ئەندازایار و کرێکار و نەخشەسازی بیناو شارەزای بواری کارەبایی و بۆریی ئاوی بردووە سەر چەند خانوویەك کاری پێکردوون بە قەرز و تاوەكوو ئێستا پارەی هیچیانی نەداوە، ئەمەش بەگوێرەی گوتەی ئەو کەسانەیان کە سکاڵایان تۆمارکردووە لە سەری.
ئەو كەسانە لە روونكردنەوەكەدا داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەن كە بەهانایانەوە بچێت و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو بەڵێندەرە بكەن و رێگە نەدرێت بچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و پارەكانیشیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
وەڵام بدەوه