Kurdistan Press - فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە

کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتبەست بە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2006ی هەموارکراوی ساڵی 2016، پڕۆسەى هاوکاریکردن و پشتیوانیی خێزانە داهات نزمەکانی لە ڕێگەى بەخشینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش دەڵێت: "پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت".

ئێستا فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن تاکو 30ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ، بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە. یەکەکان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دروست دەکرێن و پاش وردبینی، بەبێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن دابەش دەکرێن.

توانا بەشیر بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕاگەیاند "لە دوو هەفتەی ڕابردوودا کە فۆرم کارا کراوە، 11 هەزار و 160 کەس پڕیان کردووەتەوە؛ تاکو 30ى 11ى 2023 بەردەوام دەبێت. بە پێی داتاى حکوومەت نزیکەى 200 هەزار خێزانی کرێنشین هەن، جارێ 9 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاری کراون، بەپێی یاساى نیشتەجێکردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت."

لەبارەى نیگەرانی و پەلەى هاووڵاتییان بۆ زووپڕکردنەوی فۆرمەکان، ناوبراو دڵنیایی دەدات و گوتی "لەو 90 ڕۆژەدا هەرکات فۆرم پڕ بکرێتەوە جیاوازی نییە و داتاکان شی دەکرێنەوە، تا ئەو کاتەى سیستەمەکە دادەخرێت، دواتر زانیارییەکان دەنێردرێنە یەکە کارگێڕییەکان و دەپشکێنرێن، لە ڕێگەى دامەزراوە تایبەتەکانەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێن، دواى گەڕانەوەی ناوەکان گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەبەخشرێت.

ئەوەشی گوت "دروستکردنی یەکەى نیشتەجێبوون بەردەوامی دەبێت و بە پێی پێویستی سندووقی تایبەتی خۆی دەبێت، چونکە بەشێکە لە یاسا و ڕێنماییەکان و کابینەى نۆیەم لە خەمی ئەو پرسەدایە".

لەبارەى ئەگەری دەستتێوەردان و پاکییەتیی پرۆسەکەوە ڕایگەیاند "ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییە و خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دوورن، بە پێی پێویستیی دیاریکراو دیارى دەکرێن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییە و دەستتێوەردانی تێدا ناکرێت، دواى تەواوبوونی وادەى پڕکردنەوە، بە کەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەکان پاکتاو دەکرێن و کاروبارەکانیان تەواو دەبن، دواى وردبینی لە یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لێوە دەدرێت."

یەکەکانی نیشتەجێبوون ژمارەیان 9 هەزار و 4 یەکەیە و دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرینەشیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکیان نزیکن لەوەی تەواو ببن و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان. دابەشبوونی یەکەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 1356 یەکە، سلێمانی 3876 یەکە، هەڵەبجە 192 یەکە، ئیدارەى ڕاپەڕین 420 یەکە، ئیدارەى گەرمیان 360 یەکە، دهۆک 2116 یەکە، زاخۆ 324 یەکە و ئیدارەى سۆران 360 یەکە.

کابینەی نۆیەم خزمەتکردنی کرێنشینان و کەمدەرامەتان بە ئەرکی خۆی دەزانێت و دەیەوێت خەونی نبشتەجێبوونی جێگیریان بۆ بەدی بهێنێت، بۆ ئەمەش پڕۆسەکە بە قۆناغ بەردەوامیی دەبێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه