محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان كراوە.
پارێزگاری ورمێ ئاماژەی بەوەشدا، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران گونجاوە و لەماوەی یەكساڵی رابردوودا لەڕێگەی ئەو دەروازە نێودەوڵەتییەوە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان كراوە.
سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان محەممەد سادق موعتەمیدیان باسی لەوەکرد، كردنەوەی دەروازەی سنووری سیدەكان رێككەوتنی لەسەركراوە و لەم نزیكانە دەكرێتەوە.
پارێزگاری ورمێ گوتیشی: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنمان لەبارەی زیارەتکاران هەیە و ئەوان هاوکاری باشی زیارەتکاران دەکەن و پێداویستی و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکەن.
لەلای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و پارێزگاری ورمێ شاندێک لە هەردوولا بەڕێوەچوو.
روونیشیکردەوە، کە یەکێک لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی دەربارەوە کرا، ئامادەکاری ئەمساڵە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەی حاجی ئۆمەران – تەمەرچینەوە، کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئامادەکاری تەواو کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی ساڵی رابردوو، کە یەکەمساڵ بوو لەم دەروازەیەوە زیارەتکاران هاتووچۆ بکەن، ئاسانکاری زۆر باش بۆ زیاترەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق کراوە.
وەڵام بدەوه