بەرپرسێکى بانکى ناوەندیی عێراق ئاشکراى کرد، قەرزە ناوخۆییەکانى عێراق بۆ 70 تریلیۆن دینار هەڵکشاوە و دەشڵێت: "کورتهێنانى بودجە یەکێکە لە کێشە گەورەکان.''
عەممار خەلەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: "چەندین بەربەست و ئاڵنگارى لە بەردەم ئابووریى عێراقدایە، لەوانە لە بودجەى ئەمساڵى عێراقدا 64 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەیە، بەڕاستى ئەوەش لەبەردەم ئابوورى و بانکى ناوەندیی عێراقدا بەتایبەت یەکێکە لە کێشە گەورەکان.
ئاماژەى بەوەش دا: "یەکێکى دیکە لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە قەرزى ناوخۆیى زیادى کردووە و گەیشتووەتە 70 تریلیۆن دینار، ئەوەش فشارێکى زۆر دروست دەکات لەسەر کەرستەکانى سیاسەتى دراو.
عەممار خەلەف جەختى کردەوە، وێراى ئەوەى چەندین تێبینیان هەیە، بەڵام بەم دواییانە خەڵک ڕوو لە کارتى ئەلکترۆنى دەکەن بۆ ئەوەى مامەڵەى کاش کەم بێتەوە و گوتیشى: "کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە شەش ملیۆنەوە زیادیان کردووە بۆ 16 ملیۆن، هەروەها ئامێرى ڕاکێشانى پارەش لە 918 ئامێرەوە بووەتە 10 هەزار ئامێر.
جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق ڕوونیشى کردەوە: بانکى ناوەندى چەندین ڕێکارى گرتووەتە بەر بۆ ئەوەى بەهاى دینارى عێراقى بەرز بێتەوە.
گوتیشى: "ئەگەرچى بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار لە بانکى ناوەندى جێگیرە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە بازاڕدا بەهاى دۆلار بەرزە و نامانەوێت دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.''
وەڵام بدەوه