بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاریدا فرۆشتن و خستنەڕووى دۆلار بۆ گەشتیاران و کۆمپانیاکانى دراو بە رێژەی 30٪ زیاد بکات و بڕیارەکەش لە 9ى تەممووزەوە جێبەجێ دەکرێت. بەگوتەى سەرچاوەیەک لەو بانکە، ئامانج لەو بڕیارە سەقامگیریى بەهاى دینارە.
بەگوێرەى دوو نووسراوى جیاواز کە بانکى ناوەندیى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـى تەممووزی 2023، ئاراستەى سەرجەم کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانى دراوى کردووە، بڕى ئەو دۆلارەى کە بە نرخى فەرمى بە گەشتیاران دەفرۆشرێت لە دەروازە ئاسمانى و وشکانییەکان لە 9ـى تەممووزەوە بۆ 3 هەزار دۆلار زیاد دەکرێت.
هەر بەگوێرەى ئەو نووسراوانە، پشکى هەفتانەى کۆمپانیاکانى دراوى جۆرى بی لە فرۆشتنى دۆلار زیاد کراوە بۆ 750 هەزار دۆلار و لە 9ـى تەممووزەوە ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن داواکانیان لەسەر ئەو بنەمایە پێشکێش بە بانکى ناوەندیی عێراق بکەن.
سەرچاوەیەکى باڵا لە بانکى ناوەندیى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیاند، "پێشتر دوو هەزار دۆلار دەدرا بە گەشتیاران و لەمەودوا بۆ سێ هەزار دۆلار زیاد دەکرێت. پشکى هەفتانەى کۆمپانیاکانى دراویش 500 هەزار دۆلار بوو، بەڵام لەمەودوا دەبێتە 750 هەزار دۆلار".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشى، "ئەو زیادکردنە بۆ ئەوەیە بڕى زیاترى دۆلار بخرێتەڕوو، بەڵام رێکارەکانى سەکۆى ئەلیکترۆنیى بانکى ناوەندى بۆ خستنەڕووى دۆلار و وەرگرتنى داواکارییەکان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و وەک پێشتر دەبێت".
بانکى ناوەندیى عێراق دۆلار بە 1310 هەزار بۆ حەواڵە و فرۆشتنى نەختینەیی دەداتە هاووڵاتییان، لەکاتێکدا بەهاى لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا لەسەروو 147 هەزار دینارەوەیە.
وەڵام بدەوه