یاری کردن بە دۆلارو دینار لەلایەن هەر هێزێکەوە بێت، یەکسانە بە یاری کردن بە ژیان و گوزەران و سەروەری کۆمەڵایەتی عێراقیەکان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.
لەوەتەی بەعس نەماوە، ئەم عێراقە کراوە بە سەرزەمینی یەکلایی کردنەوەی حیساباتی بەرژەوەندیە ژیاریەکانی چەند وڵاتێک و گۆڕەپانی ململانێ نیو سەدەییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکاوە.
یاری کردن بە دینارو دابەزاندنی بەهاو نرخی ئەم دراوە هەر مەبەست و نیەتێکی سیاسی لە پشتەوە بێت، بەشێکە لەو جەنگە ڕانەگەینراوو وەهمی و تاقەت پرۆکێنەی نێوان ئێران و ئەمریکاوە ماوەی زیاتر چلودووساڵە بەردەوامە.
گەمارۆو سزا کەمەرشکێنەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زەرەروو زیانێکی زۆری لە ژیانی دانیشتوانی ئێرانی داوەو ژێرخانی ئەم وڵاتەی وێران کردووە.
گواستنەوەی ئەم ململانێیە بۆ عێراق و یاریکردن بە دیناری عێراقی، دەرەنجامێکی دڵخۆشکەری لێناکەوێتەوەو پێویستە بەغدا ئەوپەڕی هەوڵ و جموجۆڵەکانی بخاتە گەڕ، دۆخی دینارو دۆلار وەک پارساڵ لێبکاتەوەو بەرژەوەندی هاوڵاتیان بخاتە سەروو هەموو بەرژەوەندی و حیساباتێکەوە و نەخزێتە نێو داوی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە.
وەڵام بدەوه