لە ناوچەی ئیعلام لە باشووری شاری بەغدا، ئاگرێک لە ماڵێکدا کەوتەوە و بەهۆیەوە سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و دایک و باوکەکەشیان رزگار کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-12-2022، عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رايگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە کەوتنەوەی ئاگرێک لە ماڵێکدا، کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەکانیان چوونە ماڵەکە، هاوکات لەگەڵ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، سێ منداڵ کە گیانیان لەدەستداوە گەیێندراوەنەتە دادپزیشکی.
بریندارەکانیش کە دایک و باوکی منداڵەکان بوون، بە گوتەی عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان، گەیێندراونەتە نزیکترین نەخۆشخانە و چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتی، “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان رووداوەکە بەهۆی سۆپایەکی نەوتەوە بووە کە شەو بە داگیرساوی بەجێهێڵدراوە، ئەم خێزانە لە خەودابوونە، بەهۆی دووکەڵەوە ئەو سێ منداڵە خنکاون. هەروەها دیواری ماڵەکە بە ئەلیکۆبۆن رووپۆش کراوە، بۆیە بەخێرایی گڕی گرتووە.”

وەڵام بدەوه