Kurdistan Press - چوارچێوەی هەماهەنگی لە تەقینەوەدایە چوارچێوەی هەماهەنگی لە تەقینەوەدایە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

چوارچێوەی هەماهەنگی لە تەقینەوەدایە

ڕۆژنامەی (زە ناشناڵ) کە بنکەکەی لە ئەبووزەبییە و بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەبێتەوە، ئاشکرای کردووە: "عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێگەی دەستپێکردنی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکوومی، ئێستا و لەدوای کۆبوونەوەیەکی داخراوی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە بووەتەوە سەبارەت بە سروشتی کەمپینەکە و ئەدای هێزە ئەمنییەکان لە کاتی جێبەجێکردنیدا و ناسنامەی ئەو کەس و بەرپرسانەی کە کراونەتە ئامانج."
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکە، چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە: "عەلی زەیدی سەبارەت بە کەمپینەکەی بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی، ڕووبەڕووی ناڕەزایی بەردەوامی حزبە سیاسییە شیعەکان بووەتەوە، بەتایبەت ئەو هەڵمەتەی کە هەفتەی ڕابردوو لەژێر ناوی (شاڵاوی بەرەبەیان) ڕایگەیاند و بووە هۆی دەستگیرکردنی دەیان کەس و دەستبەسەرداگرتنی ملیۆنان دۆلار. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەسەڵاتی دادوەری، ئەم فەرمانانە دوای دانپێدانانی (عەدنان ئەلجومەیلی)، جێگری پێشووی وەزیری نەوت هاتوون کە لە کۆتاییی مانگی ئایاری ڕابردوودا دەستگیر کرا و تۆمەتبار کرا بە گەندەڵی و بەرتیل و ساختەکاریی دارایی لە گرێبەستێکی وەزارەتی نەوتدا."
کۆبوونەوەی داخراو و گرژییەکانی ناوچەی سەوز:
ڕۆژنامەی (زەناشناڵ) لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "گرژییەکان لە ڕۆژی دووشەممەدا گەیشتوونەتە لوتکە، کاتێک سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (ئەو هاوپەیمانێتییەی عەلی زەیدیی گەیاندە دەسەڵات) کۆبوونەوەیەکی داخراویان لە بەغدا كردووە. بە گوێرەی گوتەی سیاسییەکان، دانیشتنەکە بەتەواوی لەسەر کەمپینەکەی عەلی زەیدی چڕ بووەتەوە و ناڕەزایی و دەمەقاڵەی توند لەنێوان هێزە شیعییەکاندا ڕووی داوە، چونکە هەندێک لە سەرکردەکان ڕەخنەیان لەو شێوازە گرتووە کە حکوومەت کەمپینەکەی پێ جێبەجێ کردووە."
ڕۆژنامەکە لە زاری پەرلەمانتارێکەوە دەڵێت: "ناڕەزایی سەرەکی لەسەر ئەوە بوو کە حکوومەت پێویستی بەوە نەبوو پشت بە هێزە تایبەتەکان، زرێپۆش و تانکەکان ببەستێت و ناوچەی سەوز بەو دیمەنە شانۆییانە دابخات و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ناوی ئەو کەسایەتییانە بزڕێنێت."
بەپێی گوتەی سیاسییەکی دیکە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، وەک هێرشێکی كەسی بۆ سەر خۆی تەماشای ئەم پرۆسەیە دەکات، چونکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لەو پەرلەمانتارانەی کە سەر بە هاوپەیمانیی "گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە"ن. 
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە، ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە سەرۆکوەزیرانیان ڕاگەیاندووە: "دەبوو پێش دەستگیرکردنەکان سەرکردە سیاسییەکان ئاگادار بکاتەوە، بەڵام زەیدی ئەم داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە."
پەرلەمانتارێکی دیکە ڕایگەیاندووە: "سەرکردەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەستگیرکردنەکان بێ ڕاوێژی پێشوەختە ئەنجام دراون و دزەکردنی زانیارییەکان بۆ ناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن زیانی گەورەی بە ناوبانگی کەسەکان گەیاندووە."
ڕوونیشی کردەوەتەوە: "هەندێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان وێنە و گرتەی ڤیدیۆییان لەناو ماڵی دەستگیرکراوەکان گرتووە کە تیایدا ئەندامانی خێزانەکانیشیان دەرکەوتوون."
هەروەها سەرکردە شیعەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لە بنەڕەتدا پشتگیریی دژایەتیکردنی گەندەڵی دەکەن، بەڵام هۆشدارییان داوە کە کارکردنی "تاک لایەنە" مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری لێ دەکەوێتەوە.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەستوەردانی سەدڕ:
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، بەرپرسێکی ئەمنی ڕایگەیاندووە؛ چەند کاتژمێرێک دوای ئەو کۆبوونەوەیە و لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسمانی ناوچەی سەوزدا بینراوە و بەرگریی ئاسمانی هەوڵی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە سیخوڕییەی داوە، بەڵام بەهۆی بەرزیی فڕینەکەیەوە سەرکەوتوو نەبووە. هەروەها هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە فڕاندنی درۆنەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام کاتەکەی بووەتە هۆی دروستبوونی گومان لەناو بەغدا کە ئەو لایەنانەی دژی کەمپینەکەن، دەیانەوێت پەیامێکی هەڕەشەئامێز بنێرن.
لە لایەکی دیکەوە، موقتەدا سەدڕ، دەستوەردانی کردووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەلزەیدی. سەدر لە ڕێگەی پەیامێکەوە کە لەلایەن یاریدەدەرەکانییەوە لە کاتی وتاری نوێژی هەینیدا خوێندرایەوە، ڕایگەیاند: "هیوادارین كەمپینەكەبەردەوام بێت."
هەروەها سەدڕ داوای ئەوەشی کرد: ”ئیرادەی حكوومەت بەهێز بکەن و ورەی گەندەڵکاران لاواز بکەن کە دەیانەوێت فشار لەسەر زەیدی دروست بکەن."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا