به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌مریكای په‌یوه‌سته به فشاره‌كانی واشنتن بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق كه كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و گروپه چه‌كدارانه بكات كه هاوپه‌یمانی ئێران.
ڕۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه له ڕاپۆرتێكدا باسی له‌وه‌كردوه، "ڕاگرتنی گواستنه‌وه‌ی به‌شێك له داهاته نه‌وتییه‌كان بۆ حكومه‌تی عێراق له كاتێكدایه كه توڕه‌یی واشنتن له كرده‌وه‌ی گروپه چه‌كداره‌كانی نزیك له ئێران و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوی عێراق زیاتربون.
ڕاپۆرته‌كه به پشتبه‌ستن به دو سه‌رچاوه، ڕونیكرده‌وه كه هه‌نگاوی ئه‌مریكا 500 ملیۆن دۆلاری تێدایه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی درز و كه‌لێنی دیپلۆماسی نێوان واشنتن و به‌غدایه له نێوان شه‌ڕی ئه‌مریكا دژ به ئێران.
ڕاپۆرته‌كه به ئاماژه‌دان به چه‌ند به‌رپرسێكی عێراقی باسی له‌وه‌شكردوه، ڕاگرتنی ناردنی دۆلار ته‌نیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌شێك له پاره‌ی عێراقییه‌كان هه‌یه كه به به‌رده‌وامی له ئه‌مریكاوه ده‌گوازرێنه‌وه، به‌رپرسێكی باڵا مه‌زه‌نده ده‌كات كه گه‌یاندنی پاره‌ی كاش، كه چه‌ند مانگ جارێك به فڕۆكه ده‌گوازرێته‌وه بۆ عێراق، نزیكه‌ی 5%ی كۆی گشتیی ئه‌و پاره‌یه پێكده‌هێنێت كه عێراق پێویستی پێیه‌تی.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه، ئه‌م وه‌ستانه‌ی ئه‌م پارانه كێشه بۆ حكومه‌ت له به‌غدا دروستده‌كات، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه به‌رپرسانی عێراق سه‌باره‌ت به رێژه‌ی كاریگه‌ریی ئیداره‌ی تڕه‌مپ له‌سه‌ر داهاتی نه‌وتی عێراق كه زۆرینه‌ی ڕه‌های داهاتی وڵاته‌كه پێكده‌هێنن زیاتربوه، "فشاری به‌رده‌وامی دۆلاری ئه‌مریكی بۆ پاڵپشتیكردنی دیناری عێراقی به‌كارده‌هێنرێت".
له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتوه، هه‌ندێك له به‌رپرسانی عێراق نیگه‌رانن له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌مزوانه قه‌یرانه‌كه چاره‌سه‌رنه‌كرێت، ئه‌گه‌ری هه‌یه لێكه‌وته كاره‌ساتباره‌كان بۆ ئابوری عێراق كه له ئێستاوه ناشكێت، به‌ڵام له زاری دیپلۆماتكارێكی عێراقییه‌وه نوسیویه‌تی، "ئه‌وان ده‌زانن كه ناردنی دۆلار تاكه ده‌روازه‌ی عێراقه بۆ دراوی بیانی، ئه‌گه‌ریش بوه‌ستن، حكومه‌تی عێراق ده‌ڕوخێت".
له كاتێكدا كۆشكی سپی و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ئاماده نه‌بون هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر ئه‌م پێشهاته بده‌ن، ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له زاری مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵ ڕاوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه بڵاویكردۆته‌وه، "به‌شێكی زۆری هاتنی دۆلار له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه بانكییه فه‌رمییه‌كانه‌وه به‌رده‌وامه".


وەڵام بدەوه