وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی تێوەگلاون لە هێرشە نوێیەکانی سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکانی وڵاتەکە.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بە توندی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان ڕەت دەکاتەوە و پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی سەرجەم کارمەندانی نێردە بیانییەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بە ڕێنمایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە کردووە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی ئیماراتیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، بڕیاریشە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێشکەشی لایەنە باڵاکان بکرێت.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشی کراوەتە سەر و بەهۆیەوە 2 کارمەندی ئەمنی بریندار بوون. هاوکات، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کرد کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە موشەک کراوەتە ئامانج و سیستەمی بەرگری ئاسمانی باڵیۆزخانەکە بەتەواوی تێکشکاوە


وەڵام بدەوه