راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای دەگەیەنێت، ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، بۆ مووچەی فەرمانبەران قەرز دەكەین و ئەوەیش دوای ئەوەی كاریگەریی لە مانگی پێنج و شەش دەردەكەوێت.
ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئادار، موزهیر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیران رای گەیاند، پەكخستنی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە كاریگەریی هەیە لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری گشتیی وڵات، بەڵام هێشتا دیار نییە، چونكە نەوت هەناردە دەكرێت و دواتر نرخەكەی دیاری دەكرێت.
زیاتر گوتی، كاریگەرییەكان لە نزیكەی دوو مانگی داهاتوو لە دەوروبەری مانگی پێنجەم یان شەشەمدا، بەهۆی وەستانی هەناردەكردنەوە دەست بە دەركەوتن دەكەن، چونكە خەمڵاندنەكان باس لەوە دەكەن كە شەڕەكە زۆرترین كاتدا چوار مانگ دەخایەنێت.
باسی لەوەش كرد، حكوومەت هیچ بژاردەیەكی نییە جگە لە پەنابردن بۆ قەرزكردن بۆ دابینكردنی مووچە و جێبەجێكردنی پابەندییە دەرەكییەكان.
روونی كردەوە، عێراق ماوەی كەمكردنەوەی خەرجییەكان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر مووچە و خانەنشینی و چاودێری كۆمەڵایەتی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لەو چارەسەرانەی كە حكوومەت دەیگرێتەبەر قەرزی ناوخۆییە، هاوكاریش لەنێوان دەسەڵاتی دراو و داراییدا هەیە، چونكە یەدەگی عێراق باشە و ڕێگەی پێدەدات قەرز بكات، بەڵام عێراق پارێزراوە و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر نابێت ئەگەر ئەم قەیرانە بۆ ماوەی 4 یان 5 مانگ بەردەوام بێت.


وەڵام بدەوه