ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقوون دەڵێت: نووری مالیکی لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەکشێتەوە و کەسێکی دیکە لە شوێنی دیاریی دەکرێت، باوەڕیشی وایە کورد بۆ ڕانەسپاردنی مالیکی پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی ناکاتەوە چونکە تێبینی ئەمریکای لەسەرە.
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حیزبەکەی وت: "پێموایە نووری مالیکی لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەکشێتەوە، چارەسەریش بۆ ئەم بابەتە هەیە و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی بەردەوام و پێداگیرین لەسەر ئەوەی بەرژەوەندی وڵات کاری هەرە لەپێشینە بێت".
موسەوی وتیشی، نووری مالیکی لە هەمووان زیاتر پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و گومانی هەیە لەوەی مالیکی هەموو مێژووی خۆی بکاتە قوربانیی چوار ساڵ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران.
٠ چوارچێوەی هەماهەنگی کەسێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریی دەکات.بەوتەی موسەوی، زانیاری هەیە کە ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی سوور بێت لەسەر کاندیدکردنی مالیکی، ئەمریکا سزا بەسەر هەریەکە لە بانکی ناوەندی، کۆمپانیای بە بازاکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و وەزارەتەکانی بەرگریی و دەرەوەدا دەسەپێنێت، بۆیەش دۆخی ئێستا ڕێگا بەوە نادات مالیکی لەناو دەوڵەتدا پۆستی هەبێت. ئەو بەرپرسەی سادیقوون ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی تێبینی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنی مالیکی، کورد ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نابێت، چونکە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جا کاندیدی پارتی یان یەکێتی دەربچێت، دەبێت کاندیدی سەرۆکوەزیران کە مالیکییە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت، کوردیش نایەوێت ئەم هەنگاوە بنێت بۆیەش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دواخستووە.


وەڵام بدەوه