نوری مالیكی كاندیدی لایەنە شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكی نوێدا رایگەیاند، ئەولەویەتی ئەمڕۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم و تێكەڵكردنی ئەو نییە، بەڵكو چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یەكخستنی بڕیاری ئەمنییە.
نوری مالیکی لە راگیەندراوێکی نوێدا وتی: حەشدی شەعبیی بەشێكە لە سیستەمی ئەمنی عێراق و بە یاسا دامەزراوە، رۆڵی یەكلاكەرەوە هەبووە لە روبەڕووبونەوەی تیرۆردا
باسی لەوەشکردوە، هەر رێكخستن یاخود پێشخستنێك لە كاری دامەزراوە ئەمنییەكان لە چوارچێوەی روانگەی دەوڵەت دەبێت، بەوجۆرەی كە سەروەرو سەقامگیری بپارێزێت، دور لە موزایەدەی میدیایی.
مالیكی كە وای لێ چاوەڕوان دەكرێت كە بوو بە سەرۆك وەزیران كۆتایی بە چەكی بەرەڵای گروپە چەكدارەكان بهێنێت، ئاماژە بەوە دەكات" حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی فەرمی و بە یاسا پەسەندكراوەو پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، هەر جۆرە قسەكردنێك لەبارەی هەڵوەشاندنەوە یاخود تێكەڵكردنی بەتەنیا لە چوارچێوەی دەستورو یاسا و بە بڕیاری دەوڵەت دەبێت، نەك پروپاگەندە".
ئەم بەیاننامەی مالیكی دوای ئەوە هات بەیانی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكی كورتدا رایگەیاند" دەبێت دەسەڵاتی یاسا بسەپێت و چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت و یەك سوپادا بێت" ئەمەش هەرزوو وا لێكدرایەوە كە پابەندبوونیەتی بە داواكاری ئەمریكا بۆ كۆتایهێنان بە گروپە چەكدارە شیعەكانی نزیك لە ئێران.


وەڵام بدەوه