محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکی نوێدا دانی بەوەدا نا کە حکومەتەکەی دووچاری کورتهێنانی دارایی بووەتەوە و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان دروست کردووە.
ئەمڕۆ، لە میانی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی قەزای “بەلەد”، سودانی ڕایگەیاند “ئەو کورتهێنانە دارایەی ڕووبەڕوومان بووەتەوە، کاریگەری کردووەتە سەر تەواوی کەرتەکانی حکومەت، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستمان بە پلانی ورد و ئارامگرتنی هاووڵاتیان هەیە.”
سوودانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە دۆخەکە بگاتە ئاستێک کە حکومەت ناچار بێت “خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەکان ڕابگرێت” و جەختی کردەوە، کە عێراق پێویستی بە “بڕیاری دلێرانە” هەیە لە پرسی چاکسازیی دارایی بۆ ئەوەی ڕێگری لە قەیرانی گەورەتر بکرێت.
ئەم لێدوانانەی سودانی لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیان چاوەڕوانی بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و جێگیربوونی مووچە و بودجە دەکەن، بەڵام ئاماژەکانی کورتهێنان بارگرانییەکی نوێ دەخەنە سەر شانی حکومەت.


وەڵام بدەوه