ماڵپەڕى (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتژمێرە یەکلاکەرەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، بڕیارە سبەی دووشەممە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ببێتە چەقی بڕیارە سیاسییەکان. هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆ دەبنەوە تاوەکوو کۆتایی بە مشتومڕەکان بهێنن و کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەستنیشان بکەن.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سەرچاوەکەى ڕایگەیاندووە: "سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئێوارەی سبەی کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگ لە ماڵی نووری مالیکی ئەنجام دەدەن. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە داڕشتنی کۆتاواژۆیە لەسەر ناوی کاندیدی سەرۆکوەزیران، پێش ئەوەی پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی بکات."
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، هێزە شیعەکان سوورن لەسەر ئەوەی ئەم پرسە بەبێ دواکەوتن یەکلایی بکەنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لەو تایبەتمەندییانە دەکرێت کە پێویستە لە سەرۆکوەزیرانی داهاتوودا هەبن، بەجۆرێک بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی قۆناغی داهاتوو ببێتەوە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە "دەنگدانی ناوخۆیی" وەک بژاردەیەک لەسەر مێزی گفتوگۆکانە، ئەگەر لایەنەکان لەسەر ناوێکی دیاریکراو نەگەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
لە لایەکی دیکەوە، هێشتا ناوی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ وەرگرتنی ویلایەتی دووەم لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەبیسترێت، بەڵام هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی سبەی شەو.
ئەم جموجۆڵە چڕەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە کە گوشارە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی ماڵی شیعە و ڕێگریکردن لە هەر درزێکی ناوخۆیی زیادیان کردووە، تاوەکوو پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بەخێرایی و بەبێ ئاستەنگ بەڕێوە بچێت.


وەڵام بدەوه