Kurdistan Press - حەلبووسی کۆتایی هات حەلبووسی کۆتایی هات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

حەلبووسی کۆتایی هات

ناوی محەمەد حەلبووسی بۆ پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دێتەوە ناو ناوان، بەڵام ئەمجارە بە زنجیرەیەک ئاماژەی نەرێنی لەلایەن زۆربەی یاریزانە سیاسییەکانەوە. لە کاتێکدا حەلبووسی سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکەی پێشووی، وەک بڵێی ڕەتی دەکاتەوە دان بەوەدا بنێت کە هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە و وێنەی ئەو لە لای نەیار و هاوپەیمانەکانی وەک پێشتر نەماوە.

پێگەى (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی کردووەتەوە: دواهەمین ئاماژە لە ناو خودی "چوارچێوەی هەماهەنگی"یەوە هاتووە بۆ چەسپاندنی شتێک هاوشێوەی "ڤیتۆیەکی ڕاگەیەندراو" لەسەر گەڕانەوەی بۆ کورسیی سەرۆکایەتی. ئەمەش دەرگای بە ڕووی پرسیارەکاندا کردەوە سەبارەت بە مانای سووربوونی سیاسیی ئەو و سنووری توانای هەر کەسایەتییەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو ساتەوەختەی کە لایەنەکان لەسەری کۆکن کە ئەوەی ڕابردوو بەس بێت

سەڵاح بووشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە لێدوانێکدا بۆ (بەغداد ئەلیەوم) ڕایگەیاندووە: "چوارچێوە نایەوێت سەرۆکی پێشووی پەرلەمان محەمەد حەلبووسی بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەر کەسایەتییەکی تریش کە ماڵی سوننە کاندیدی بکات قبوڵ کراوە، جگە لە ئەو."

بووشی ڕوونی کردەوە کە دیدگا سیاسییەکان ڕوونن و ئارەزووی گەڕانەوەی حەلبووسی ناکەن و کەسایەتییەکی جێگرەوە پێشنیار دەکرێت.

بەو دەربڕینانە، سنووری ئەو مەودایەی دیاری کرد کە لەبەردەم ماڵی سوننەدایە: دەرگاکە بە ڕووی ناوەکاندا کراوەیە، تەنیا حەلبووسی نەبێ

ئەمەش ڕەنگدانەوەی کۆبوونەوەی کێشە سیاسییەکانی چەند ساڵی ڕابردووە. چوارچێوە کە پێشتر وەک شەريكێکی بەهێزی سوننە مامەڵەی لەگەڵ حەلبووسی بەش دەکرد، ئەمڕۆ لەبەردەم هاوکێشەی جیاوازدایە؛ بەشێکی پەیوەندی بەو ناکۆکییانەوە هەیە کە هاوکاتی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بوون و بەشێکی تریش پەیوەستە بە هاوسەنگییەکانی ناو ماڵی شیعە و پێویستیی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سوننەکانی تر کە بەدوای هەلی سەرکەوتندا دەگەڕێن.

لە بەرامبەردا، حەلبووسی وەک ئەوەی هێشتا دەرگای گەڕانەوە کراوە بێت جووڵە دەکات، پشت بە پێگەی پێشووی لە شەقامی سوننە و یادەوەریی خولێکی پەرلەمانی دەبەستێت کە تێیدا خۆی وەک "سەرۆکێکی بەهێز" نیشان دا. ئەم سووربوونە لەسەر گەڕانەوە، سەرەڕای ئاماژە نەرێنییەکان، دووفاقیی کەسایەتی ئەو لە گۆڕەپانی عێراقدا دەچەسپێنێت: سیاسییەک کە لە بەڕێوەبردنی کات و دانوستاندا کارامەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەستیارییەکی زۆر لای نەیارەکانی و تەنانەت هەندێک لە هاوبەشەکانی پێشووی دروست دەکات، تا ئەو ئاستەی ناوەکەی "بارێکی سیاسی" هەڵگرتووە کە زۆرێک ناتوانن لەم قۆناغەدا بەرگەی بگرن. لێرەدا ڕەتکردنەوەی شیعە کە سەڵاح بوشی دەری بڕیوە، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ساردیی بەشێک لە نوخبەی سوننە کە پێیان وایە سووربوون لەسەر گەڕانەوەی ئەو، دەرگا لەبەردەم سەرکردایەتی نوێ و دەموچاوی نوێ دادەخات.

لە پشت پەردەی ئەم دیمەنەدا، فاکتەری دەرەکی وەک ڕەگەزێکی زیادە لە "ڤیتۆکەدا" دەردەکەوێت. حەلبووسی کە ساڵانێک هەوڵیدا خۆی وەک شەريكێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی قبوڵکراو نیشان بدات، ئێستا لە بارودۆخێکی ئیقلیمیی هەستیاردا دەجووڵێتەوە. هەندێک لە هێزە ناوخۆییەکان خۆیان لە سەرکێشیی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەموچاوە جێ مشتومڕەکان دەپارێزن.

ڕەتکردنەوەی چوارچێوە ناتوانرێت لە خوێندنەوەی گشتی بۆ مەزاجی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جیا بکرێتەوە کە لەم ساتەدا سەرۆک پەرلەمانێکی دەوێت زیاتر "ئاسانکار" بێت نەک "سەنتەری ململانێ".

ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوەش داوە: وا دیار نییە ئەو هاوکێشانەی لە مێشکی سەرکردە شیعە و کوردەکاندایە، هەمان ئەو هاوکێشانە بن کە لە مێشکی حەلبووسیدان. بۆ ئەو، سەرۆکایەتیی پەرلەمان لوتکەی پڕۆژەیەکی سیاسیی کەسییە کە لە پارێزگاری ئەنبارەوە دەستی پێکردووە و کەس ناتوانێت گەرەنتیی بکات کە دەرچوونی یەکجاری لەم پۆستە نابێتە سەرەتای کزبوونی ڕۆڵی لە نەخشەی سوننە و عێراقدا. لەم گۆشەیەوە دەتوانرێت لە سووربوونی تێبگەین، بەو هیوایەی کە ئاڵۆزیی ناکۆکیی نێوان نەیارەکانی لە کۆتاییدا پەنجەرەیەکی بۆ بکاتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه