وەزیری دەرەوەی عێراق، وردەکاری گفتوگۆیە هەستیارەکانی نێوان بەغدا و واشنتن ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە ئەمریکا لیستی ناوی چەندین کەسایەتی و گرووپی چە*کداری رادەستی حکومەت کردووە و هۆشداری دەدات کە لە پرسی سزاکاندا واشنتن ئامادەی هیچ جۆرە گفتوگۆیەک نییە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (حەدەس) ئاماژەی بەوە کرد: "لایەنی ئەمریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گرووپە چەکدارەکانی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە."
جەختی لەوەش کردەوە کە واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات و بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات.
سەبارەت بە کاریگەری ئەو لایەنانە لەسەر جومگەکانی دەسەڵات، وەزیری دەرەوە روونی کردەوە کە بەشداریی ئەو گرووپانە لە هەڵبژاردن و حکومەت پرسێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە سیاسەتی سزاکانی واشنتن روونە و ئەوان بەبێ گفتوگۆکردن جێبەجێی دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فوئاد حوسێن رەتیکردەوە کێشە ئابوورییەکانی عێراق تەنیا پەیوەست بن بە بەشداری لایەنێکی دیاریکراو لە حکومەت، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ هەڵە لە بنەما و سیاسەتی ئابووری وڵات گەڕاندەوە.
هەروەها پەردەی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی دیكەی گرنگ لادا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا نێردە ئەمەریکییەکە دیدگایەکی توندی خستووەتە ڕوو و جەختی کردووەتەوە کە سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا تووشی شکست بووە.
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش دا کە بەشێک لە پێشنیازەکانی تیمی نوێی ئەمەریکا لەگەڵ دەستوور و واقیعی سیاسی عێراقدا یەکناگرنەوە.


وەڵام بدەوه