Kurdistan Press - سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلایی دەکرێت سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلایی دەکرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلایی دەکرێت

هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و شەوی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی راگەیاند، هەر شەوی رابردوو هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆیان وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمانی و پێكهێنانی دوو لیجنە بۆ زوو پێكهێنانی حكوومەت راگەیاند، راپۆرتێك باسی سێ كاندید دەكات كە زیاترین چانسی بوونیان بە سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق هەیە.

دوور لەوەی لە میدیا و سۆشیال میدیاكان باسی دەكرێت لە خستنەڕووی چەندان ناو، لەوانە بوونی 15 ناو لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریكردنی یەكێكیان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باسی سێ ناو دەكەن كە كێبەركێكە لە نێوان ئەوانەیە و چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی یەكێكیان دەكەن، ئەوانیش محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسان.

هەر بەپێی سەرچاوەكان چانسی هەریەك لەوانە بە پاڵپشتیكردن و دەسەڵاتیان لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەڵوێستی كورد و سوننە و مەرجی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا كە هەژموونیان بەسەر عێراق هەیە بەندە، بۆیە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوەئاهەنگی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دانانی نەخشەی كاندیدان بۆ پۆستەكە، ئێستە 15 ناو وەك سەرەتا خراونەتە روو، بەڵام كێبەركێی كردەنی لە نێوان سوودانی و شەتری و مالیكییە، كە سوودانی چانسی زیاتری هەیە ئینجا شەتری و مالیكیش لە دوای ئەوانەوە دێت.

بەپێی سەرچاوە سیاسییە باڵاكان لەبەر چەند هۆكارێكی ناوخۆیی و دەرەكی تا ئێستە سوودانی بەهێزترین كاندیدە بۆ پۆستەكە، بەتایبەتی لەبەر دوو هۆكار، ئەنجامی هاوپەیمانیەتییەكەی لە هەڵبژاردن كە 46 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، لە ناوخۆ و ناوچەكە و دنیاش قبووڵكراوە و تواناكانی زانراوە، بۆیە چاودێران دەڵێن، بەپێی گفتوگۆكانی ناو چوارچێوە ویستێك بۆ ماوەی سوودانی لە پۆستەكەی هەیە، بەو پێیەی دەتوانێت ناوەندگیری لە نێوان هێزە شیعەكان و میلیشیاكان و وڵاتانی ناوچەكە و دنیا بكات، بۆیە دوورخستنەوەی كێشە و ناهاوسەنگی دەخاتە ناو ماڵی شیعە و هەڵبژاردنیشی دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی وەك پێشوو.

سەبارەت بە حەمید شەتری، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن ئەو وەك شوێنگرەوەی رەتكردنەوەی مانەوەی سوودانییە یان دیاریكردنی كەسێكی گوێڕایەڵتر لە سوودانی لە لایەن شیعەكانەوە، چونكە ئەو پاڵپشتییەكی گەورەی لە لایەن هێز و میلیشیا شیعەكان هەیە وەك كەسایەتییەكی تەناهی، رەنگە بتوانێك رۆڵی هێزە تەناهییەكان بەهێزتر بكات و دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان لە ناو هێزە فەرمییەكان جێگیر بكات و كەناڵی هاریكاری لەگەڵ تاران بكاتەوە، بەڵام بنكەیەكی جەماوەری و سیاسی نییە و لە رووی ئابووریشەوە لاوازە، ئێران بێ دوودڵی پاڵپشتی دەكات، بەڵام ئەمەریكا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكات لە ئەگەری بەهێزكردنی دەسەڵاتی میلیشیاكان و ئێران و وڵاتانی ناوچەكەش چاوەڕوانی هەڵوێستەكانی دەكەن. 

هەرچی نووری مالیكییە، ئەو وەك یەدەگ ناوی هەر ماوە لە ئەگەری شكستهێنانی كاندیدبوونی سوودانی و شەتری، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتییەكەی لە 2014، كورد و سوننە بە هاتنەوەی رازی نین و ئەمەریكا و كەنداویش گومانیان لە گەڕانەوەی هەیە، بۆیە تاكە چانسی ئەو خستنەڕووی ناویەتی لە دوا ساتەكان لە حاڵەتی شكستهێنانی سوودانی و شەتری و بە گەڕانەوەی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەت پێشبینی دەكرێت زۆر توند بێت و كێشە لەگەڵ كورد و سوننە دروست بكات و پێوەندییەكانی دەرەوەش جگە لە تاران لەگەڵ وڵاتانی تر سارد بكاتەوە.

تا ئێستە مشتومڕێكی زۆر لەسەر مانەوە و نەمانەوەی سوودانی لە پۆستەكەی هەیە، عیسام شاكر ئەندامێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێی وایە زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوە پاڵپشتی لە مانەوەی سوودانی ناكەن، بۆیە چوارچێوە بەرەو دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ دەچێت لەسەر بنەمای رێككەوتن و سازان، ئاشكرای كرد كە ئێستە تاوتوێی رێككەوتنێكی نووسراو دەكرێت كە چەند مەرجێك بەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران بێتە سەپاندن، لەوانە یەك ماوەی سەرۆك وەزیران و قەدەغەی دروستكردنی هاوپەیمانی و كاری حزبی و رۆڵی تەنیا بەڕێوەبردنی حكوومەت بێت، زۆرینەی چوارچێوە پاڵپشتی لەوە دەكات بۆیە بژارەی مانەوەی سوودانی زۆر زەحمەتە.

ئەوە لەوكاتەی عەدنان تەمیمی شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، سوودانی بە ئەنجامێكی باش لە هەڵبژاردن دەرچوو و خاوەن بارستەیەكی گەورە و جۆراوجۆرە و پێوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد و سوننە هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پێوەندیانەش لەپاڵ پاڵپشتی دەرەكی، هەلێكی باشی بۆ دەرەخسێنن بۆ مانەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه