کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، سبەینێ قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ هەینی 7ی تشرینی دووەمی 2025، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بڵاویکردەوە، کە سبەی شەممە کاتژمێر 7ی بەیانی، بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییدێت و قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
هەروەها، لەم قۆناغەدا سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پابەنددەکرێن بە کۆتاییهێنان بە بانگەشە بۆ حزب و کاندیدەکانیان، لە بەرامبەردا راگەیاندنەکان سەرنج دەخەنە سەر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان لەبارەی چۆنێتی بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
پێشتریش حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وتی، هەر لایەنێک پابەند نەبێت بە قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن، ئەوا سزادەدرێت و لەوانەیە سزاکە تا ئاستی دوورخستنەوە بڕوات.
جەختیشیکردەوە، لەدوای کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆر بە چڕی چاودێری حزب و لایەنە سیاسی و کاندیدەکان دەکرێت و لە هەر سەرپێچییەک بە خێراترین کات سکاڵایان لە دژ تۆماردەکرێت.


وەڵام بدەوه