سەرۆكی حزبێكی عێراقی داوا لە محەمەد شیاع سوودانی دەكات، هەواڵێك بەدرۆ بخاتەوە و پێی دەڵێت كە عێراق لە عەنتەریاتی گەندەڵكاران ماندوو بووە.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر رفاندنیدا، هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند كە ئێلیزابێت چۆركۆف، خانمە توێژەری ئیسرائیلی گەیشتووەتە نێو باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا. دواتریش بە فڕۆكەیەك گەیشتەوە ئیسرائیل و ئاشكرا كرا كە میلیشیاكانی عێراق لەژێر هەڕەشەی ئەمەریكا، خۆیان بە ئەنبوڵانسێك ئەو خانمە توێژەرەیان ئازاد كردووە.
لەمبارەیەوە میسال ئالووسی، سەرۆكی حزبی ئوممەی عێراقی لە تویتێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بە هەواڵێك داوە كە تێیدا باس لەوە دەكات گوایە سوودانی هەڕەشەی لە ئیسرائیل كردووە و ئالووسی داوا لە سوودانی دەكات كە ئەو هەواڵە بەدرۆ بخاتەوە و پێی دەڵێت: "عێراق ماندوو بووە لە عەنتەریاتی گەندەڵكاران."
هەروەك لە پەیامەكەیدا بۆ سوودانی دەڵێت: ”دەوڵەتمەدار سوودانی، راگەیاندنی ئازادكردنی ئێلیزابێت چۆركۆف، هاووڵاتیی ئیسرائیلی، كە پێشتر لە لایەن چوارچێوە حكوومیەكەتەوە رفێندرابوو، دواتر گەیشتەوە تەلئەبیب، نامەیەكی ئازایانەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیلە.“
ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە هەردوو سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بە ئاسوودەییەوە نامەكەیان وەرگرتووە.
وەڵام بدەوه