بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی هەولێر كە دوو وەزیر لەخۆ دەگرێت، سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵی كۆ ببنەوە، ئامانجی چوونیشیان بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنە لەسەر داهاتی ناوخۆ بەپێی یاساكانی فیدراڵی.
ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئاب، بڕیارە شاندێكی هەولێر سەردانی بەغدا بكات و پرسی داهاتە فیدراڵییەكان یەكلا بكاتەوە، ئەوەش بۆ تەواوكردنی درێژەی گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، وا بڕیاریشە ماوەی دوو ڕۆژ بخایەنێت.
ئەوەش زانراوە، سبەی كۆبوونەوەكە دەست پێ دەكات، یەكێك لەو پرسانەی كە بڕیارە باس بكرێت، جگە لە 120 ملیار دینارەكەی بۆ مانگی حوزەیران ئامادە كراوە، داهاتی ناوخۆ بەپێی داهاتە فیدراڵییەكان یەكلا دەكرێتەوە و راپۆرتی كۆتایی ئامادە دەكرێت.
لە هەفتەی رابردوودا بڕیاری خەرجكردنی مووچە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێردرایە وەزارەتی دارایی عێراق، رێككەوتنیش لەسەر هەناردەی نەوت كراوە، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی لیژنەكە، پێشبینی دەكرێت دەست بە خەرجكردنی مووچە بكرێت.
رۆژی چوارشەم فارس عیسا بەرپرسی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رای گەیاند، كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەم بەباشی بەڕێوە چوو و باشتریش دەبێت، پێشبینیش دەكرێت ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، مووچەی مانگی شەش خەرج بكرێت ئەگەر عێراق بیانووی نوێ نەبینێتەوە.
وەڵام بدەوه