شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیاند، "ئەو وردبینی و لێپێچینەوەیەی ئێستا حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، ئەگەر لەگەڵ دامەزراوەکانی خۆی بیکات، وەک دەروازە سنوورییەکان، باج، رسوومات و داهاتی فەرمانگەکانی، ئەوا داهاتی نانەوتیی عێراق ئەوەندە زۆر دەبێ پێویستی بە فرۆشتنی نەوت نامێنێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی رەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق دەگرێ و دەڵێت، "بەئەنقەست بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی قەوارەکەی لاواز و سنووردار بکات و هیچ شتێک بەناوی هەرێمی کوردستانەوە نەمێنێت، لە کاتێکدا چاوپۆشی لە گەندەڵییە بێشومارەکانی نێو دامەزراوەکانی خۆی دەکات."
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێک لە مژارەکان بێ. شێروان دووبەردانی گوتی، "چاوەڕوان دەکرێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات. ئەگەر ئەمڕۆش بڕیار نەدرێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو بڕیار لە ناردنی مووچە دەدرێ".
دوێنێ شەممە سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێ لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق راپۆرتی خۆیان لەبارەی دوایین پێشنیاز و لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بخەنەڕوو یان گوتەی خۆیان لەو بارەوە پێشکێش بکەن. هاوکات دیوانی چاودێریی دارایی عێراق راپۆرتێک کە بۆچوونی هەولێر و بەغدای لەخۆگرتووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەخاتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانی و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە.
سەرچاوەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، راپۆرتەکەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق باس لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان دەیەوێ مانگانە 100 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بداتە عێراق کە ئەوەش ٪50ی گومرگ، باج و رسوماتە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، حکومەتی عێراق بۆچوونی وایە دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان 50٪ی هەموو داهاتێکی رادەست بکات و ئەوەش خاڵێکی ناکۆکییە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە دۆسیەی نەوتەوە هەیە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆش قسەیان کردووە و ئامادەیی ئەوەیان هەیە نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرن، بەڵام تاوەکو دوێنێ شەویش هیچ نەوتێک رادەست نەکرابوو.
ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا بڕیار لەسەر ناردنی مووچە نەدرێ، ئەگەری زۆرە پرسەکە بۆ چەندین رۆژ دوابکەوێ، چونکە بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە لە عێراق پشووی فەرمی دەبێ و کۆبوونەوەی دواتری ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەکەوێتە رۆژی سێشەممە 19ـی ئاب.
شاندێکی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی، بودجە و پرۆژەی "هەژماری من" زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕوپڕی کرد، بەڵام بێ گەیشتنە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
وەڵام بدەوه