ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە رەزامەندی لەسەر خانەنشینكردنی دادوەر جاسم محەمەد عەبوود عمێری، سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی دراوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوێك كە لە پەیجی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاو كرداوەتەوە، ئەمڕۆ ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٥، لێژنەیەك كە بەپێی ماددە ٣ی یاسای دادگای فیدڕاڵی پێكهاتووە، كۆبووەتەوە و رەزامەندیی لەسەر خانەنشینكردنی دادوەر جاسم عمێری داوە ”بە هۆكاری تەندروستی.“
هاوكات ئەوەش ئاشكرا كراوە كە دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن لە جێی جاسم عمێری بەربژێر كراوە بۆ پۆستی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی و لەمبارەیەشەوە قسە لەگەڵ سەركۆماری عێراق كراوە تاوەكوو مەرسوومی دامەزراندنەكەی وەك سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەربكات.
دادوەر مونزر ئیبراهیم لەدایكبووی ساڵی ١٩٦٣یە و بڕوانامەی یاسای لە ١٩٨٩ لە زانكۆی بەغدا بەدەست هێناوە، لە ١٩٩٨ خولی ٢١ی پەیمانگای دادوەری تەواو كردووە و لە ٢٠١٨ەوە لە دادگای فیدڕاڵی كار دەكات و ئێستا جێگری سەرۆكی دادگای تەمییزی فیدڕاڵی و سەرۆكی دەستەی سزاییە لەو دادگایە و ئەندامی یەدەگی دادگای فیدڕاڵیی عێراقە.
وەڵام بدەوه