وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی دکتۆر حەیدەر جاسم، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی خانەنشینی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانیان کرد."
روونیش کراوەتەوە: "لە کۆبوونەوەیەکدا کە دکتۆر هاوڕێ کەمال ڕاوێژکاری وەزارەت و کۆڤان تەحسین بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و ئەبوبەکر عەلی بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر بابەتی لێبڕینی لە ٣٪ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێکەوتی (٢٠١٤/١/١) تا (٢٠٢٤/٦/٣٠) لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/٦/١) وە مانگانە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە."
ئاماژە بەوەش دراوە: "لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا پرسی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگەو چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و مووچەکانیان لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کرا."
ئەوەش خراوەتە روو: "شایەنی باشە لەڕێکەوتی ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥ لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی و بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی خانەنەنشینی عێراق کرا بەمەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بەخانەنشینان لە هەرێمی کوردستان."
وەڵام بدەوه