سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ دەستەبەرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەن، لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکە لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند، هیوادارین رێککەوتنی ئاگربەستەکە بەهێز و یەکگرتوو بێت.
وتیشی، ئێمە بە ئیدانەکردن و رەتکردنەوەی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵی بە ئەنقەست بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، هەڵوێستی عێراقمان دووپاتکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە بەشێوەیەک مامەڵەمان لەگەڵ رووداوەکان کردووە، کە بەرژەوەندیی گەلی عێراق لە پێشینەی کارەکاندا بێت، ئەمەش هەڵوێستی خوازراوی هەموو لایەکە”.
سودانی ئەوەشی ئاشکراکرد، “بنکە سەربازییەکانی عێراق لەلایەن درۆنە خۆکوژەکانەوە، کەوتە بەر هێرشێکی خیانەتکارانە و ترسنۆکانە و، زیانیان بە سیستمی رادار لە بنکەکانی تاجی و ئیمام عەلی لە زیقار، گەیاند”.
بۆ ئەم مەبەستە، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، “هێزە چەکدارەکانمان و بەرگرییە ئاسمانییەکانمان، بە خێرایی وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و فڕۆکە هێرشبەرەکانیان خستەخوارەوە”.
سودانی باسیلەوەشکرد، “فەرمانمانداوە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر، بە سەرکردایەتیی دەزگاکانی هەواڵگری و تەکنیکی بکرێت بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی هێرشی درۆنەکە و بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەتەکەمان پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ دەستەبەرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، هەروەها کۆمەڵێک گرێبەست و پرۆژە لەئارادان، بۆ تەواوکردنی کارەکانی دروستکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی”.
وەڵام بدەوه