Kurdistan Press - کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت

دادوەر جاسم هەورامی، ئەندامی یەدەگی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایدەگەیێنێت، دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە و رۆژی پێنجشەممە لە دانیشتنی دادگە ئامادە بووە. دەشڵێت، ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەی دادوەران نەبووایە، پرسی مووچە چارەسەر دەبوو. 

ئەو دادوەرە کوردە، کە ئەندامی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانیشە راگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025 ئاگادارکراوەتەوە لە دادگەی فیدراڵی ئامادەبێت، بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانیش، بە رێگەی وشکانیدا چووەتە بەغدا تاوەکو بەشێک بێت لە دەرکردنی ئەو فەرمانسالارییەی لە دادگەوە بۆ پرسی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت. 

دوای دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکان، بڕیاردانی دادگە بۆ دەرکردنی فەرمانسالارییەک لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راوەستا.

پێنج شەممەی رابردوو، 9 ئەندامی دادگەی باڵای فیدراڵی، کە 6ـیان ئەندامی سەرەکی و سێیان یەدەگ بوون، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێش کرد. بەپێی یاسا، ئەو دادوەرانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە پێویستە دەستلەکارکێشانەوەکەیان راستەوخۆ بدەنە سەرۆکی دادگەی فیدراڵی، بەڵام نۆ دادوەرە دەستلەکارکێشاوەکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ناردووە. 

بەپێی رێکاری دادگە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانە دەنێرێتەوە بۆ دادگەی فیدراڵی، ئەگەر سەرۆکی دادگە قبووڵیان بکات، ئەوا نووسراو دەکات بۆ سەرۆککۆماری عێراق تاوەکو قبووڵی بکات و شوێنگرەوەیان بۆ دیاری بکات. 

ئەگەر سەرۆکی دادگەی فیدراڵیش دەستلەکارکێشانەوەکان قبووڵ نەکات، پێویستە دادوەرەکان بگەڕێنەوە سەر دەوامی فەرمیی خۆیان. لە ئەگەری نەگەڕانەوەیان بۆ سەر کار، دادوەرەکان بە دەرکراو هەژمار دەکرێن و مافی خانەنشینییان نامێنێت. 

دادوەر جاسم هەورامی دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارە، هیوایەک هەیە بەم نزیکانە دادوەرەکان بگەڕێنەوە دادگە و بڕیار لەسەر پرسی مووچە بدەن.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه