ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، جووڵەكان بۆ چارەسەری كێشەی مووچە بەردەوامن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ بزانرێت پرسی دادگای فیدراڵی لەم هەفتەیە چیی بەسەر دێت.
ئەمڕۆ شەممە 21ـی حوزەیران، سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیاند، هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەی مووچە بەردەوامن.
زیاتر گوتی، هەوڵی سیاسی و نێودەوڵەتی و لە بەغداش گفتوگۆ و پێوەندیی سیاسی بەردەوامە، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەی مووچە بكرێت، هەروەها لە بەرانبەر وەستانی مووچە، وەزیرەكانی پارتی هەڵوێستیان هەبووە كە بەشداریی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران ناكەن.
باسی لەوەش كرد، لەم هەفتەیە چاوەڕوانی پرسی دادگای فیدراڵین بۆ هەڵوێستیان كە چی دەبێت لەو چەند ڕۆژە و بڕیاریان چی دەبێت؟.
هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا راگەیاند، ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێی دادگای فیدراڵین كە فەرمانسالاری دەربكات، بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.
روونی كردەوە، تا رۆژی یەكشەم و دووشەم چاوەڕێ دەكەین، ئەگەر بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی دادوەرەكان پەسند بكرێت، دەبێت دووبارە كۆبوونەوەیەكی تر بكرێت بۆ بڕیاردان لەسەر فەرمانسالارییەكە، ئەگەر دادگاش بڕیاری نەدا، دەبێت دوو حكوومەتەكە لەسەر كێشەكانیان و ناردنی مووچە گفتوگۆ بكەن.
لە 28ـی ئایار بە بڕیارێكی نایاسایی وەزارەتی دارایی عێراق، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی دا.
وەڵام بدەوه