حکومەتی عێراق چەند بارهەڵگرێك کەرەستەی پزیشکی بۆ ئێران ناردوە
حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە رێگەی پارێزگای بەسڕەوە، چەند بارهەڵگرێكی پڕ لە دەرمان و پێداویستیی پزیشكیی تایبەت بە حاڵەتە لەناكاوەكان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران نارد
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە ئەو هاوكارییەی لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رەوانە كراوە، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە هەماهەنگی لە نێوان فەرمانگەی تەندروستیی بەسڕە و حكوومەتی خۆجێیی بەسڕە لە لایەك وەزارەتی تەندروستیی عێراق بووە
لەمبارەیەوە سارە حسێنی، بەڕێوەبەری بەشی دەرمانخانەكان لە فەرمانگەی تەندروستیی بەسڕە بە میدیاكانی راگەیاندووە، بارەكە پێكهاتووە لە دەرمانی پێویست بۆ ژیاندنەوەی پزیشكی و پێداویستیی فریاكەوتن كە بۆ حاڵەتی لەناكاو بەكار دەهێندرێن، ئەمەش ئامادە كرا پاش هەماهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنە باڵاكان
باسیشی لەوە كردووە كە دەستپێشخەریەكە وەك ئەركێكی مرۆیی و ئەخلاقی بووە و تیمەكانی لۆجستی و سەیدەلی چەندان كاتژمێر كاریان كردووە تاوەكوو كەرەستەی پێویست بەپێی پێوەرە پشتپێبەستراوەكان ئامادە بكەن و لە كاتی گونجاودا رادەستی بكەن
جەختیشی كردەوە كە ئەم هەنگاوە بەڵگەیە لەسەر هاوسۆزیی گەلی عێراق بۆ گەلی ئێرانی دۆستی لە كاتی تەنگانەدا، هەروەك ڕۆحی هاوكاریی تەندروستیی هەرێمی دەردەخات كە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەیەوێ ئەو رۆحە بەهێز بكات
وەڵام بدەوه