Kurdistan Press - مەترسییە گەورەکە لە دەرگای عێراق دەدات مەترسییە گەورەکە لە دەرگای عێراق دەدات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەترسییە گەورەکە لە دەرگای عێراق دەدات

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینییەکانی خۆی لە گەشەی 4.1٪ەوە بۆ داکشانی 1.5٪ سەبارەت بە دۆخی ئابووری بۆ عێراق گۆڕی. ئابووریناسێكیش ئاماژە بەوە دەدات، ئابووریی عێراق لەژێر كاریگەریی دەرەكی دایە و ئەوەش وایكردووە بەرەو دواوە بچێت، نەك بەرەو گەشە و پێشكەوتن.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات، کە ئابووریی عێراق لەمساڵدا بە ڕێژەی 1.5٪ دابكشێ، ئەمەش لەسەر بنەمای دابەزینی نرخی نەوت و پێشبینیی هێواشبوونەوەی داواکاری بەهۆی ئەگەری داتەپینی ئابووریی جیهانی، کە لە ئەنجامی شەڕی بازرگانییەوە هاتووەتە ئاراوە.

پشت بەستن بە یەك سەرچاو

ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە نەوت دەبەستێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات، بەجۆرێک، کە داهاتی نەوت زیاتر لە 90٪ی داهاتی دەوڵەت پێک دەهێنێت، ئەمەش وای کردووە زۆر کاریگەر بێت بە گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.

نرخی نەوت لەم مانگەدا دابەزینێکی خێرا و زۆری بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا نزمترین ئاستی خۆی لە چوار ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرد، لە نێوەندی ترسی وەبەرهێنەران لەوەی، کە هەڵکشانی دووقۆڵی لە باجی گومرگی لەنێوان ئەمریکا و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا ببێتە هۆی دابەزینی داواکاری لەسەر نەوتی خاو.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات، عێراق بۆ داپۆشینی خەرجیی حکوومی، پێویستی بە نرخی نەوتێک هەیە بگاتە 92 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام دۆخەكە ئێستا بەشێوەیەكە، كە نرخی بەرمیلێك نەوت تەنیا بە 65 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

سندووقەکە پێشبینی دەکات، کە تێکڕای نرخی نەوت لەمساڵدا بگاتە 66.9 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بە دابەزینی ڕێژەی 15.5٪ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دووبارە دابەزێت بۆ 62.4 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە ساڵی 2026دا.

باجی گومرگی بەر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، شەڕێکی بازرگانی هەڵگیرساند، بە سەپاندنی باجی گومرگی دووقۆڵی لەسەر لیستێک لە وڵاتان، کە گەیشتە 75 وڵات و عێراق لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا لە پلەی دووەمدا هات لە ڕووی بەرزترین باجی گومرگی سەپێنراو لەسەر کاڵاکانی، کە گەیشتە 39٪، جگە لە هەناردەکانی وزە. عێراق ڕاستەوخۆ دوای سووریا دێت، کە بەرزترین باجی گومرگی لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا بە ڕێژەی 41٪ لەسەر سەپێنرا.

د. ئیدریس ڕەمەزان، ئابووریناس رایگەیاند، ئەگەر تەماشای بارودۆخی ئابووریی عێراق بكەین، زۆرجار مەترسیی دەرەكیی زۆری بەسەرەوەیە، ئەمەش وایكردووە لەبری ئەوەی گەشە بكات، بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، گوتیشی: "بەپێی ئەو پێشبینییەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كردوویەتی، دەبینین عێراق بەرەو دواوەیە، بێگومان عێراق ئابوورییەكەی وابەستەی یەك سەرچاوەی داهاتە، كە نەوتە و هەر دابەزینێك لە نرخی نەوت كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی عێراقدا دەبێت، هەروەها وڵاتانی دراوسێی عێراق كاریگەریی گەورەیان بەسەر ئەو وڵاتەوە هەیە و ڕێگە نادەن ئابوورییەكی سەربەخۆی هەبێت، واتا هەر دەستوەردانێك كاریگەریی خراپی دەبێت، لەكاتێكدا عێراق خاوەنی داهاتێكی زۆر و سەرچاوەی باشی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەو وڵاتانەی دەستیان لەناو عێراقدا هەیە، رێگرن لە پێشكەوتنی و بەپێچەوانەوە ئەو وڵاتە وەكوو دەبینین، بەو هۆیانەوە بەرەو دۆخێكی خراپی ئابووری دەڕوات، نەك باش و پێشكەوتوو."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه