Kurdistan Press - عێراق بەرەو کوێ عێراق بەرەو کوێ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

عێراق بەرەو کوێ

تادێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت و ئەگەرەکانی جەنگی گەورەی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر دەبێت، ئەمەش پاش ئەوەی گرژی و هەڕەشەکانی واشنتن و وەڵامەکانی تاران گەیشتە لوتکە و لەم ڕووەشەوە چاودێران و توێژەرانی سیاسی، عێراق بە قوربانی و کاریگەرترین زیانی لێکەوتەکانی ئەم جەنگە ناو دەبەن، بەهۆی نزیکیی وڵاتەکە لە ئێران و دۆسیەی میلیشا چەکدارەکانی بەرەی مقاومە و هەروەها پشتبەستنی عێراق بە ئێران لە دۆسیەکانی غاز و وزەی کارەبا و تەسلیمبوونی بە ئەجیندای ئێرانی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی ڕۆژئاوا بڵاوی دەکەنەوە، ئەمەریکا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی و لۆجیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی وەشاندنی گورزی سەربازی لە دژ حووسییەکانی یەمەن، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکەی جەنگیی هێناوەتە ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا.

لەم بارەیەوە (حازم ئەیاد) شیکەرەوەیسیاسی و پسپۆڕی دۆسییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئوردن، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەلعالەم ئەلجەدید) ڕایگەیاند: "ئەمەریکا زۆر رژدە لە گوشار خستنە سەر ئێران و جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی. بەردەوامیی جووڵەی ئەمەریکا لە ناوچەکە بە هێنانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری نوێ، دۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن رژدە لە بەکارهێنانی هێز دژی تاران و پڕۆژە ئەتۆمییەکەی."

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: "وا یارە ئێران سوورە لەسەر پابەندبوون بە هەڵوێستی خۆی کە ڕەتی دەکاتەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمەریکا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت یان سازش بکات بەتایبەتی لە بواری دۆسیەی ئەتۆمیدا و هەرچەندە لە ڕێگەی (عەلی لاریجانی) ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ناڕاستەوخۆ دانوستاندنەکانی قبووڵ کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا رایگەیاندووە کە هێرشێک وا دەکات وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ بەرەو پیتاندنی یۆرانیۆم بڕوات وەک وەڵامێک بۆ هەر هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر خاکەکەی."

هەروەها لاریجانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، بەڵام لە ئەگەری هێرشدا هیچ بژارەیەکی لەبەردەمدا نابێت جگە لەوەی بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە.

ئەو پسپۆڕە ئوردنییە، سەبارەت بە میلیشیا چەکدارەکان و عێراقیش، پێشبینیی ئەوە دەکات کە لە هەر حاڵەتێکی هێرشکردنە سەر ئێران، پێش ئەوە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر خاکی عێراق بۆ ئەوەی هەوڵ بدات واقیع بگۆڕێت و کارتی هێز و دانوستان لە لایەن ئێرانەوە لاببات لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی بدات.

لای خۆیەوە نزار حەیدەر چاودێری سیاسی لە واشنتۆنەوە بە هەمان ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە: "یەکەم وڵات دەبێتە سووتماکی جەنگی ئێران و ئەمریکا، عێراقە. چونکە شکستی هێناوە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دامەزراوەیی و بڕیاری دەوڵەت چ لەسەر ئاستی سیاسی و چ لەسەر ئاستی ئابووری. هەروەها شکستی هێناوە لە دەربازبوون لەو قەیرانە بە دۆسیەکانی دۆلار و غاز و کارەبا و ئەوانی ترەوە. نەخاسمە هێزە لەیاسادەرچووەکانی وەکوو حەشدی شەعبی و چەکدارانی بەرەی مقاومە و دۆسیەی بازرگانیی هۆشبەرەکان و قاچاخچێتیی نەوت.

پێوەند بە تێکچوونی ئاستی ئەمنیی عێراقیش، حەیدەر پێیوایە: "عێراق دەسووتێت ئەگەر دەستەیەک لە لایەنە میلیشیا چەکدارەکان بڕیار بدەن لە دەرەوەی خواست و بڕیاری دەوڵەت هەڵسوکەوت بکەن و گوللەیەک بەرەو ئاسمان بتەقێنن لەنێو ئەم گرژییەدا، چونکە ئەمڕۆ ناوچەکە لەسەر لەپی هێزە و هەموو وڵاتان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دوورکەوتنەوە لەو قەیرانە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکانیان."

نزار حەیدەر جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە عێراق ڕێگری بکات لە هەر لایەنێک کە دەیەوێت وڵاتەکە بخاتە ناو قەیرانەکەوە بە بیانووی توانای بەرگری لە خۆی، یان بە دروشمی سەرکەوتن و یەکڕیزیی گۆڕەپانەکان و ئەو کارە سەیرانەی کە لە چوار گۆڕەپاندا وێران کران و ئێمە نامانەوێت عێراق ببێتە پێنجەم گۆڕەپانی داهاتوو.

شیاوی باسە چاودێران باس لەوە دەکەن ئەگییر هێرش هەیە بۆ سەر عێراق، ئەگەر ئەم هەڕەشانە ببنە هێرشی ڕاستەقینە لەناو ئێراندا، کاریگەریی گەورەی لەسەر عێراق هەیە بە لەبەرچاوگرتنی نزیکیی جوگرافی و پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە.

لە کۆتاییدا بارودۆخی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران ئاڵۆزە و پڕە لە گرژی و شیروتیر لەیەک دەسوون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر عێراق و ناوچەکە هەیە و حکوومەتی عێراق دەیەوێت خۆی لە تێوەگلان لەم ململانێیە بەدوور بگرێت، بەڵام ئاڵنگارییەکانی ناوخۆ و دەرەوە لەوانەیە ئەمە قورس بکات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه