نوێنەرێکی پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە یەک ملیۆن ھاووڵاتیی کریستیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و دەشڵێت، بەھۆی ڕەوشی نائارامی دەشتی نەینەواوە ٧٠%ی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا چوونەتە دەرەوە.
کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی کریستیانەکانەوە نەبووە، بەڵام بەپێی ئامارێکی کەنیسە بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی کریستیانەکانی عێراق یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس بووە و ئێستا تەنیا ٢٠٠ ھەزار کریستیان لە عێراق ماون، لە ناوچەیەکی وەک دەشتی نەینەوا بەھۆی نائارامیی ناوچەکەوە ٧٠%ی کریستیانەکان چوونەتە دەرەوەی عێراق."
نوێنەرەکەی کریستیان گوتیشی: "لەو ناوچانەی دەشتی نەینەوا کە پێشمەرگە دەیانپارێزن، ھاووڵاتیانی کریستیان بە ئارامی دەژین و لەڕووی ئەمنییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و کێشەیان نییە، بەڵام ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ناوچەی پێشمەرگە ھیچ گرەنتییەک نییە بۆ پاراستنی کریستیانەکان."
کلارا عودیشو ڕوونیشی کردەوە: "بەگوێرەی دەستووری عێراق، کریستیانەکان مافی پارێزگایەکیان ھەیە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە و پارێزگایەکی تایبەت بە کریستیانەکان ھەبووایە، ئەوە دڵنیاین لەوەی ڕەوشی کریستیانەکان نەدەگەیشتە ئێستا، لەبەر ئەوەش پێویستە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
وەڵام بدەوه