پەرلەمانتارێکی عێراقی هۆشداریی دا لەوەی، بانکی ڕافیدەینی عێراقی لەبەردەم هەڕەشەی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکادایە.
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ئاژانشی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە: ”بانکی ڕافیدەین بەپێی ڕێساکانی گەنجینەی ئەمەریکا کار دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کە سەرپەرشتیی کەرتی دارایی دەکات.“
دلێمی، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە بانکەکە چەند سەرپێچییەکی ئەنجام داوە و ئەمەش وای کردووە بکەوێتە بەر هەڕەشەی سزاکانی ئەمریکا و کاریگەریی لەسەر بانکەکە و بانکە ئەهلییەکانی دیکەی عێراقدا هەبێت."
جێگەی باسە، لە (٣٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥) جۆ ویلسۆن، ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەکانی ئەمریکا، بانکی ڕافیدەینی تۆمەتبار کرد بە ئاسانکاری بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانی.
وێڵسن لە پۆستێکیدا لە تۆڕی (ئێکس) نووسیویەتی: "لە سەردەمی بایدن و مەکگۆرکدا، خەزێنەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵی ڕێگەیان بە بانکی ڕافیدەین دا کە گەورەترین بانکی عێراقە، ببێتە ئامێری سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕژێمی ئێران و بووکەڵەکانی، بۆ بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی، ئەم بانکە دەبێت سزای بەسەردا بسەپێنرێت".
لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریکا سزای بەسەر چەند بانکێکی عێراقدا سەپاندووە و ئێستا هەنگاو دەنێت بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە دەرەوەی وڵات. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە ڕەنگە قەیرانی دارایی عێراق قووڵتر بکەنەوە و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەرز بکەنەوە و زیاتر وڵاتەکە لە سیستەمی دارایی جیهانی داببڕن، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێدانی مووچە و پڕۆژە سەرەکییەکانی وڵاتەکەدا دەبێت.


وەڵام بدەوه