شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر ڕەشنووسێک ڕێککەوتوون، بڕیارە لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی دوو بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
سەرەتای ئەمساڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن لەسەر ناردنی کۆی مووچەکانی ئەمساڵ لە کاتی خۆی، بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی کوردستان لەنێو مانگی سێ دان کەچی بەغدا مووچەی مانگی دووی ڕەوانە نەکردووە.
دوێنێ تەیف سامی سەرنج و تێبینی و داواکاری نوێی هەبوو، ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی گشتگیریان لەسەر کۆی مووچەکانی ئەمساڵ کرد، بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبوایە بەغدا هەموو مانگێک مووچە بێ کێشە بنێرێت، بەڵام ئەوەتا تەیف سامی داواکاری و بیانوو دەگرێ.
کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی یەک کاتژمێریان کرد، لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا هەبووە. کۆبوونەوەکە لەبارەی پابەندییەکانی هەردوولا بووە بە ڕێککەوتنی مووچە، گفتوگۆ لەسەر ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچە و پرۆژەی هەژماری من کراوە، لەگەڵ پرسی خانەنشینان، هاوتاکردنی مووچە و ئیمتازاتیان و خانەنشینانی نوێ و خەرجکردنی ئیکرامییە و ئەم بابەتانە.
ئەندامێکی شاندی کوردستان راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کۆنووسێک لەنێوان هەردوولا ئامادەکراوە و لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزا نەکرا. بڕیارە سبەی دووشەممە جارێکی دیکە کۆببنەوە، هەندێک گفتوگۆی دیکە بکەن و کۆنووسەکە واژۆ بکەن، ئینجا دەست بە خەرجکردنی پارە و ناردنی مووچەی مانگی دوو بکرێت.
سبەی بڕیار لەسەر ناردنی پارە دەدرێت، کە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پارە دەنێردرێت و بە ئەگەرێکی زۆەرەوە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، ڕەنگە سبەی بنێردرێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێکی کورد وتبووی ئەم هەفتەیە ئەینێرن.
وەڵام بدەوه