دوایی لێخۆشبوونی ئەمەریكا بۆ كڕینی غاز و كارەبا لە ئێران بەر لە چوار مانگ بوو و ئەمڕۆ كۆتایی هات، سەرچاوەیەك دووپاتی كردەوە كە لە سایەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، واشنتن لێخۆشبوون بۆ عێراق لە كڕینی غاز و كارەبا لە ئێران نوێ ناكاتەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی بابەتی لێخۆشبوون لە عێراق لە كڕیتی غاز و كارەبا لە ئێران لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوو ئیدارەی نوێی ئەمەریكا هەڵوێستی روونی لەبارەی چەند پرسێكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، لە ماوەی دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەرپرسانی ئەمەریكا دوو پێوەندیی تەلەفۆنیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە.
بەپێی دوایین پێوەندی لە نێوان ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی چەند پرسێكیان كردووە، لەوانە رێككەوتن لەسەر ئەوەی دەبێت عێراق لە رووی وزەوە سەربەخۆ بێت، بەخێراییش بۆری نەوتی عێراق- توركیا بكاتەوە و رێز لە گرێبەستە نەوتییەكانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بگرێت، سەرچاوەیەكی عێراقی باسی ئەوە دەكات لەو پێوەندییە باسی لێخۆشبوونی عێراق لە كڕینی غاز و كارەبا لە ئێران و سزاكانی سەر ئێران كراوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی تاكە سەرچاوەی ئەو بابەتە بریتییە لە بڕیارەكەی ترەمپ لەبارەی سەپاندنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە هەموو لێخۆشبوونەكان لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە پێداچوونەوەیان پێ دەكرێت، بۆیە حكوومەتی ئەمەریكا هیچ جۆرە لێخۆشبوونێكی تر بۆ حكوومەتی عێراق دەرناكات بە هەناردنی وزەلە ئێرانەوە، بەڵام بە توندی سزای عێراقیش نادات بەرانبەر بە شكاندنی سزاكان ئەمەریكاوە.
بەپێی سەرچاوەكان ئەمەریكا سوورە لەسەر دەستبەكاركردنەوەی بۆری نەوتی عێراق- توركیا، چونكە سەرۆكی ئەمەریكا و ئیدارەكەی پێیان وایە دەبێتە هۆی چارەسەربوونی كێشەی ناوخۆیی عێراق و دەشبێتە سەرچاوەیەكی زیاتری گەیشتنی نەوت بۆ بازاڕەكان و پڕكردنەوەی بۆشایی كەمبونەوەی نەوتی ئێران.
وەڵام بدەوه