ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تر لە نێوان هەردوو شاندی بەغدا و هەولێر و كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن بەڕێوە چوو، وەك هەوڵێك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر گرێبەستە نەوتییەكان بە مەبەستی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا، كۆبوونەوەكە ساز كرا، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی ئاماژەی بۆ كرد، ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەغدا دووەم كۆبوونەوە لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و كۆمەڵەی ئەپیكۆر، كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوە چوو، وەك هەوڵێك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەر لە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم، بەڵام كۆبوونەوەی ئەمڕۆش وەك ئەوەی یەكشەمی رابردوو بێ ئاكام بووە.
ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ پێنجشەم حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی بۆ تاوتوێكردنی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و توركیا كرد، لە كۆبوونەوەكەدا باسی نزیكیی كاراكردنەوەی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی توركیا بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كرد.
شایەنی باسە هەینی رابردوو وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند لە ماوەی چەند سەعاتێك دەست بە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا و لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ بە توانای رۆژانەی 180 هەزار بەرمیل نەوت دەكرێت، بەڵام دوای ئەوە كۆمەڵەی ئەپیكۆر كە نوێنەرایەتیی هەشت كۆمپانیای نەوتی لە هەرێم كار دەكەن دەكات، رای گەیاند كە بێ رێككەوتن ئامادە نین نەوتەكە هەناردە بكەنەوە، بۆیە بڕیار بوو چواری ئەم مانگە لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی هەرسێ لایەن ساز بكرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە یەكشەمی رابردوو ئەنجام درا و نەگەیشتن بە رێككەوتن، ئەمڕۆش دووەم كۆبوونەوە ساز كرا.
دوێنێ سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە بابەتەكە ئاماژەی كرد، شاندی هەرێمی كوردستان كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدای كرد، تا ئێستە نەگەیشتوونەتە چارەسەری بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە، حكوومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە هیچ بڕە پارەیەك بە هەرێمی كوردستان بدات بەر لە یەكلاكردنەوەی تەواوی شایستە داراییەكانی پێوەست بە نەوت، لەوانە قەرزەكانی توركیا بۆ بەغدا و هەر شایستەیەكی تر بەر لە پرۆسەی دەست پێكردنەوەی هەناردن، لە هەمواری یاسای بودجە كرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ كۆمپانیاكان بە 16 دۆلار دیاری كراوە، ئەو پارەیەش تا دوای هەناردن خەرج ناكرێت، كۆمپانیاكانیش بەوە رازی نین.
وەڵام بدەوه