عێراق لەبەردەم دووڕیانێکی نوێ نزیک دەبێتەوە، ئەمەش دوای پێشنیاری چەند ئەندامێکی گۆنگرێسی ئەمریکا بۆ (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمریکا، بە ئامانجی دیاریکردنی ملیشیا عێراقییەکان، وەک بەشێک لە لیستی تیرۆری ئەمریکا، کە ئەم قەیرانە بۆ عێراق پڕە لە ئاڵۆزی، چ لە ڕووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و عێراق چ لە ڕووی دۆخی ناوخۆییەوە.
بە گوتەی دکتۆر ئیحسان ئەلشەممەری، مامۆستای توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە زانکۆی بەغدا و بەڕێوەبەری ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی، پرسی سزادانی ملیشیا چەکدارە عێراقییەکان "لە دزەپێکردنی میدیایی و پێشبینییەکانەوە گۆڕاوە بۆ واقیع"، لە هەنگاوێکدا، کە گوزارشت لە "گۆڕانکارییەکی بەرچاو" دەکات.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)، دکتۆر ئیحسان ئەلشەممەری دەڵێت: "یاداشتەکەی ئەندامانی کۆنگرێس، پێشنیاری بوژانەوەی پڕۆژەیەک دەکات، کە لە ساڵی 2022 پێشنیار کراوە، پێشنیارەكە هەموو گرووپە میلیشیاکان و سەروەت و سامانی داراییان و بەرەی ئابووری و تۆڕە میدیاییەکانیان دەگرێتەوە، هەروەها ئەوانەی پەیوەندییان بەوانەوە هەیە، لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە، كە "لە هەر جۆرە مامەڵەیەک بەتەواوی سنووردار دەکرێن".
لەمیانی ئەو چاوپێکەوتنەدا، توێژەرە عێراقییەکە ئەگەری دەستبەرداربوونی حکوومەتی عێراق لە ملیشیاکان ڕەتدەکاتەوە و چەند هۆکارێک دەهێنێتەوە، دیارترینیان ئەوەیە "ئێستا میلیشیاکان هەوێنی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقن".
هەروەها ئەو ئەکادیمیستە عێراقییە ڕوونی دەکاتەوە، کاتێک حکوومەتەکەی سوودانی پێکهێنرا، میلیشیاکان بە "حکوومەتی بەرگری و حکوومەتی کوتلەکان" وەسفیان کرد. ئەلشەممەری ئاماژە بەوەش دەکات، حکوومەت جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پرسی میلیشیاکان بڕیارێکی عێراقییە.
ئەو توێژەرە عێراقییە دەشڵێت: "تەنانەت ئەگەر حکوومەت بیەوێ هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت، ناتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە سەرۆکوەزیران "پشتیوانیی سیاسیی بەرچاوی نییە" لە پەرلەمان بۆ پشتگیریکردنی هەر داواکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی تاقمە ملیشیاکان، یان تێکەڵکردنیان لەناو دەزگای ئەمنیدا، "وەک ئەوەی ئەمە لەلایەن زۆرینەی شیعەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە، کە پەرلەمانیان کۆنترۆڵ کردووە".
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە حکوومەتی عێراق "ڕەنگە هەوڵی قۆستنەوەی کات بدات بە پێشنیارکردنی پڕۆژەی یەکگرتن"، بەڵام گومانی هەیە، کە ئەمریکا ئەمە قبووڵ بکات، تەنانەت ئەگەر ملیشیاکان گۆڕانکاری لە ڕەفتارەکانیاندا ڕابگەیەنن و بەڵێن بدەن، کە بەشداریی نەکەن لەو شتەی، کە بە "بەرەی مقاوەمە" ناسراوە و پابەند بن بە سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی، کە گرنگیدانی ئێستا، بە پشتبەستن بە لیستی سزاکان، کە پێشکەشی کۆنگرێس کراوە، "چالاکیی ئەو قەوارانە و ئەو زیانانەی کە بە ئەمریکایان گەیاندووە لەخۆ دەگرێت، لەنێویاندا ئەو هێرشانەی، کە بووە هۆی کوژرانی ئەمریکییەکان".
ئەو ئەکادیمیستە ڕەشبینیی خۆی لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکە دەردەبڕێت. ئەو پێی وایە: ”حکوومەتی عێراق کەرەستەی سیاسی نییە بۆ ئەوەی ئەمریکا لەسەر هەر پلانێک ڕازی بکات و ناتوانێت دەستبەرداری میلیشیاکنن بێت. بۆیە لەگەڵ کۆتاییهاتنی حکوومەتی سوودانی، "ڕەنگە زەحمەت بێت پلانێکی قبووڵکراو سەرهەڵبدات، تەنانەت ئەگەر لەلایەن سوودانی یان کوتلە چەکدارەکانەوە ڕابگەیەنرێت".


وەڵام بدەوه