شرۆڤەكارێكی سیاسیی عێراقی رای دەگەیەنێت، تەواوی پێشهات و نیشانەكان ئاماژەی ئەوە دەدەن كە بە نزیكترین كات رەوتی سەدر دەگەڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقیش دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی شوباتی 2025، نەبیل عەزاوی شرۆڤەكاری سیاسیی عێراقی لە میانی لێدوانێكدا رای گەیاند، رووداوە دراماتیكییەكانی كە لەم دواییانەدا بەسەر ناوچەكە هاتن، بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەرییان دەبێت لەسەر عێراق و پێویست دەكا نەخشەیەكی سیاسیی نوێ بۆ وڵاتەكە دروست بكرێت.
عەزاوی ئەوەیشی گوت، رەوتی سەد كە بە گەورەترین هێزی شیعە دادەنرێت، لەوە دەچێت ئامادەیی تەواوی تێدا هەبێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و قەرەبووكردنەوەی پارسەنگی هێز و بەهێزكردنەوەی خۆیان لە رێگەی سوودبینین لە هەڵەكانی رابردوویان.
شرۆڤەكارەكە ئەوەیشی گوت، گەڕانەوەی رەوتی سەدر هاوكات دروستكردنی چەند هاوپەیمانیەتیەكی نوێشی لێ دەكەوێتە بە تایبەت هاوپەیمانی كردن لەگەڵ ئەو هێز و كوتلانەی كە چاوەڕێ دەكرێ دەنگی زۆر بە دەستبهێنن، بۆ نموونە كوتلەی محەمەد شیاع سوودانی كە ئێستە سەرك وەزیرانە و ئاماژەیشی دا كە دروستبوونی ئەو هاوپەیمانیەتییە نوێیانە بەشێوەیەكی زۆر روون لە داهاتوویەكی نزیك هەستیان پێ دەكرێت.
ئەم قسانەی ئەم شرۆڤەكارە لە كاتێكدایە، پێشووتریش محەمەد عوسمان بڕیاردەری پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند بوو، رەوتی سەدر بەهێزێكی زۆرەوە دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسەت و بەشداری لە هەڵبژاردنەكەی عێراق دەكات كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
وەڵام بدەوه