بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا میزان موراجەعەی مانگی یەک، داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچەی مانگی دوو ڕەوانەی بەغدا بکرێت.لە ماوەی ڕابردوودا شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕێککەوتن، کە تیایدا مووچەی 12 مانگی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2025 زامن کرا، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە مانگانە بەغدا 950 بۆ یەک تریلیۆن دینار بۆ مووچە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، ئێستا هەرێمی کوردستان دەستی بەجێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییەکانی کردووە کە ڕادەستکردنی بەشێکی داهاتی ناوخۆ و ڕەوانەکردنی میزان موراجەعەی هەموو مانگێکە بۆ بەغدا.
ئێستا وەزارەتی دارایی کوردستان سەرقاڵی میزان موراجەعە (تەرازووی پێداچوونەوە)ـی مانگی یەکن، کە پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیە تەواو بێت، دواتر لیستی مووچەی مانگی 2 دوای 15ـی ئەم مانگە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
یەکێک لە مەرجەکانی بەغدا ئەوەیە دەبێت هەموو مانگێک تەرازووی پێداچوونەوە تەواو بێت ئینجا پارەی مانگی دوای ئەو دێت، بەپێی ئەو سەرچاوەیە هەرێمی کوردستان پاپەندی ڕێکەوتنەکەیە و لەگەڵ تەواوبوونی میزان موراجەعە، وەزارەتی دارایی بەرچاوییان ڕووندەبێت لەسەر داهاتی نانەوتی و ئەوکات بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆ [کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتنی لەسەرکراوە بۆ ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ] دیاری دەکرێت و دەنێردرێت بۆ بەغدا، دوای ئەویش ڕاستەوخۆ لیستی مووچەی مانگی دوو دەنێردرێت.
50%ـی داهاتی ناوخۆی مانگی یەک، لە هەفتەی ڕابردووەوە کۆکردنەوەی دەستی پێکردووە و زیاتر لە 100 ملیار دینار دەبێت.


وەڵام بدەوه