هاوكات لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هاتنی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی، بڕیارە بەمنزیكانە بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی سەردانی بەغدا بكات و چەند پرسێكی گرنگ لەگەڵ حكوومەتی عێراق یەكلا بكاتەوە، لەوانە مانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە و رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن.
بەرپرسێكی حكوومیی عێراقی ئاشكرای كرد كە بەغدا ئامادەسازی بۆ سەردانی بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی لە ماوەی داهاتوو دەكات، لەو سەردانەدا باس لە دۆسیەی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكات، ئەوەش هاوكات لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بە تایبەتی لە سووریا و لبنان و كەرتی غەزە و هەوڵدان بۆ گرتنی سەرەداوەكان لە لایەن ئەمەریكاوە.
روونی كردەوە، هاوكات بەرپرسە ئەمەریكییەكە لە بەغدا باسی میكانیزمی داڕشتنەوەی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق لە بوارەكانی ئاسایش و بەرگری و چەند دۆسیەیەكی پێوەست بە بانكی فیدراڵیی ئەمەریكی دەكات.
لە دوای گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بە تایبەتی شكانی حزبوڵای لبنانی و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و لاوازبوونی بەرەی بەرگریكاریی شیعە لە تەواوی ناوچەكە، شارەزایان دەڵێن ئێران تەنیا عێراق و یەمەنی بە دەست ماوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كار لەسەر ئەو دوو وڵاتە و ئێرانیش بكات، بە شێوەیەك ئێران بە رێككەوتنێكی نوێ بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ببەستێتەوە.
وەڵام بدەوه