سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بکوژانی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی دەستگیرکران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەسانە دەستیان لە کوشتنی هەزاران عێراقی دیکەدا هەبووە.
ئەمڕۆ هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەستگیرکردنی بکوژانی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی راگەیاند.
سوودانی بێ ئەوەی ناوی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا بکات، دەڵێت، بکوژەکان دەستیان هەبووە لە "کوشتنی کۆمەڵێک لە شەهیدانی بنەماڵەی حەکیم و هەزاران عێراقی دیکە لە زیندانەکان"؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "دەستمان بە تاوانباران دەگات، ئەگەرچی کاتێکی زۆریش بەسەر هەڵاتنیان تێپەڕێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێن دەدات، "لە هەموو کات و شوێنێکدا لە هەوڵی دڵسۆزانە بەردەوام دەبین بۆ کارکردن بە هەمان هێز، دەستڕاگەیشتن بە هەموو ئەو کەسانەی تاوانیان بەرامبەر بە خوێنی عێراقییەکان کردووە. ئەمە بەڵێنی ئێمەیە بۆ گەلەکەمان؛ بۆ هەموو ستەملێکراو و شەهیدێک."
هاوکات حیزبی دەعوە کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکان رایگەیاند: " تاوانبار سەعدوون سەبری کە بەڕێوەبەری هۆبەی پێنج بووە و چەندین پۆستی دیکەی ئەمنی هەبووە، تاوانی سەدەی کردووە کە تیرۆرکردنی رابەر و بیرمەندی ئیسلامی شەهید محەممەد باقر سەدرە."
سەعدوون سەبری، یەکەم ئەرکی بریتی بوو لە بەرپرسی هۆبەی پێنج لە دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس. ئەو هۆبەیە تایبەت بوو بە لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی ئەندام و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی.
سەبری کە ناسناوە ئەمنییەکەی "عەمید نەزارە"، تاوەکو ساڵی 1986 بەڕێوەبەری هۆبەی پێنج بوو، دواتر تاوەکو ساڵی 1990 بەڕێوەبەری ئاسایشی بەسرە بوو و پاشان تاوەکو شوباتی 1991 بەڕێوەبەری ئاسایشی کوێت بوو؛ پاشان بووە بەرپرسی ئاسایشی ئابووری.
محەممەد باقر سەدر کە دەکاتە خەزووری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی پارتی دەعوەی ئیسلامی، مەرجەعێکی ئایینی و بیرمەندێکی شیعەی عێراقی بوو.
محەممەد باقر سەدر لە 9ـی نیسانی 1980 بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەستگیرکرا و دواتر لەگەڵ خوشکەکەی لەنێو بارەگای هۆبەی پێنج کوژران.
وەڵام بدەوه