بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵ بێتە سازكردن، ئێستە لە پەرلەمان پێشنیازی یاسایەك كراوە بۆ هاندان یان سەپاندنی سزا بەسەر ئەوانەی بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان ناكەن، چالاكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنە لەو پێشنیازە دەگرن و پێیان وایە گەندەڵكاران لە عێراق وایان لێ هاتووە سزای ئەوانە بدەن كە دەنگیان پێ نادەن.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 25ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ساز بكرێت، لەوكاتەی هێزە سیاسییەكانی عێراق بەدوای چارەسەرێك دەگەڕێن بۆ مسۆگەریی بەشداریكردنی خەڵك لەو هەڵبژاردنە بۆ وەرگرتنی شەرعیەت، كەچی لەناو پەرلەمانی عێراق پێشنیاز كراوە بە یاسا سزای ئەو كەسانە بدرێت كە بایكۆتی دەنگدان دەكەن، چونكە لە هەڵبژاردنی 2021 رێژەی بەشداریكردن كەم بوو.
عامر عەبدولجەبار پەرلەمانتاری سەربەخۆ باسی ئەوەی كرد كە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسێك هەیە كە بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات، روونی كردەوە، لە چوارچێوەی یاسای هاندانی هەڵبژاردن، تاوتوێی زیادكردنی سزادانی ئەو كەسانە دەكرێت كە بەشداریی دەنگدان ناكەن، چونكە هەوڵ بۆ بەشدارییەكی گەورەی جەماوەری لە هەڵبژاردن دەدەین.
لەماوەی دوایی ئەو پەرلەمانتارە پێشنیازی یاسایەكی بە ناوی "هاندانی هەڵبژاردن"، پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد و ئەویش رەوانەی لیژنەی یاسایی كردووە، باسی پێدانی هاندان وەك نووسراوی رێز و سوپاس و حسێبكردنی خزمەتی زیادە بۆ ماوەی شەش مانگ دەكات بە فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی لەوانەی بەشداری لە دەنگدان دەكەن، بۆ هاووڵاتییانیش كە بەشداری دەكەن مافی دامەزراندنیان لە فەرمانگەكانی حكوومەت بۆ برەخسێندرێت، جیا لە لێخۆشبوونی باج و راییكردنی مامەڵەكانیان.
ئەو پێشنیازە رەخنەیەكی زۆری رووبەڕوو كرایەوە، لەناو تۆمەتباركردنی چینی سیاسی بە ناچاركردنی خەڵك بۆ دەنگدان لە رێگەی سزادانیان، مازن عوبێدی چالاكی یاسایی دەڵێت، ئەوە پێشهاتێكی مەترسیدارە و قۆرخكردنی ماف و ئازادی گەلە لە لایەن هێزە سیاسییەكانەوە، ئەو هێزانە لە شكستیان لە هەڵبژاردنی داهاتوو دڵنیا بوونەتەوە، بۆیە بۆ مانەوەیان بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن و پەنایان بۆ یاسای هاندان و سزادان بردووە.
سەعد شنگالی پارێزەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، گەندەڵكاران لە عێراق گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی سزا بەسەر ئەوانە بسەپێنن كە دەنگیان پێ نادەن، ئەوە لەو كاتەی لە هەڵبژاردنی 2021 رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران زۆر كەمی كرد و بەپێی ئاماری فەرمی گەیشتە 40%، كەچی هەندێك لە سیاسەتەوانان باسی ژمارەیەكی زۆر لەوە كەمتر دەكەن.
وەڵام بدەوه