بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی ناوەندی، لە بەیاننامەیەکدا دۆزینەوەی یەدەگێکی نوێی نەوتی لە ناوەڕاستی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچهى ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەختی ڕاگەیاند. ئەو یەدەگه دۆزراوە بە نزیکەی دوو ملیار بەرمیل نهوت، دەخەمڵێنرێت.
محەمەد یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی ناوەندی، ڕوونی کردەوە، "ئەم دۆزینەوەیه پەیوەندی بە کێڵگەیەکی نوێوە نییە، بەڵکو بەشێکە کە پێشتر نەدۆزراوەتەوە لە سنوورى کێڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا. ئەم دۆزینەوەش زیادکردنێكی گرنگه بۆ یەدەگی نەوت لە عێراق، کە سامانی نەوتی نیشتمانی بەرز دەکاتەوە بە زیادبوونی نزیکەی دوو ملیار بەرمیل".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانی بیرە دۆزراوەکەدا ئەگەری بەرهەمهێنانی ڕۆژانە تا پێنج هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەرکەوتووە، ڕەنگە ڕێژەی بەرهەمهێنان بۆ دوو هەزار و 500 بەرمیل کەم ببێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە یەدەگی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا لە 13 ملیار بەرمیلەوە بۆ 15 ملیار بەرمیل زیادیان کردووە، ئەمەش توانای عێراق بەرز دەکاتەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە داهاتوویەکی نزیکدا.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست دەشڵێت، کێڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا لە کۆتایی ساڵی 2018 گواسترایەوە بۆ کۆمپانیای "EPS"ی چینی، لەوێدا پێشکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی و تا ئێستا نزیکەی 140 بیری نەوت لێدراون، لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا پلانی داهاتوو ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانە بۆ 80 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
یاسین دووپاتی کردەوە کە ئەو پشکە دۆزراوەتەوە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا دەچێتە واری کارپێکردنهوه
بەگوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، عێراق خاوەنی 145 ملیار بەرمیل یەدەگی سەلمێنراوی نەوتە، ئەمەش لەنێو گەورەترین یەدەگی نەوتی خاودایە لە جیهاندا.


وەڵام بدەوه