کۆبوونەوەی ئەمشەوی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا دەکات، پرسی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت، لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و مەترسییەکانی سەر عێراق لە دۆخی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. بڕیارە ئەمشەو کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت بەڕێوەبچێت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی بکات، سبەینێش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و هەر چوار سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و حکوومەت و دادوەری عێراقی فیدراڵ کۆ دەبێتەوە.
مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردەکانی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەهێنرێتە نێو کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارە بکرێت و دووبارە نەبێتەوە لە ساڵی 2025 دا، هاوکات پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کە تایبەتە بە هەموواری یاسای بوودجە و بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەری کۆ ببێتەوە، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکا و دەنگی لەسەر بدات، ماددەی 12 ـی ئەو هەمووارە تایبەتە بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، دەشڵێت: ئەو کێشانەی پێشتر هەبوون بەتایبەت لە دیاریکردنی نرخی 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێکی نەوت لە کێلگە نەوتییەکانی کوردستان کە لەماوەی ڕابردوودا بەشێک لە فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو لەسەر ئەو پرسە، دەیانەوێت بگەنە ڕێگە چارەیەک پێش ئەوەی لە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دەنگدانی بۆ بکرێت، دەشیانەوێت ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت.: بەپێی ئەو دەقەی لە حکوومەتی فیدراڵەوە چووەتە پەرلەمان، نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت بەو هەمووارەی دیاریکراوە 16 دۆلارە کە دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لە ئێستاشدا لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و بەتایبەت حکوومەتی عێراق دەیەوێت دووبارە هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، چونکە ئامانجیەتی جگەلە بەندەری بەسرە، دەروازەیەکی دیکە هەبێت وەکو بەندەری جەیهان بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ بێت.
کێشە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکان دەبێت، هاوکات پرسی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن کە هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دوو ساڵ تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی درێژ کردەوە، تەوەرێکی دیکە دەبێت، دەشڵێت: بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەبێت لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
بارودۆخی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا و هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر عێراق، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی نێو کۆبوونەوەکەی ئیدارەی دەوڵەت دەبێت.
وەڵام بدەوه